دادگەی پێداچوونەوە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی لەبارەی خانەنشینیی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پووچەڵکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی پێداچوونەوەی عێراق بڕیارێکی پێشووتری دادگەی باڵای فیدراڵیی لەبارەی شێوازی خانەنشینکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پووچەڵکردەوە و رایگەیاند، دەبێت هاوشێوەی پلە باڵاکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک فەرمانبەری ئاسایی.
 
بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە لە 25ـی ئایاری 2024 دەرچووە و لەسەر بنەمای سکاڵای خانەنشینێک بووە کە داوای مافەکانی لە مووچەی خانەنشینییەکەیدا کردووە.
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، بۆ هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینیی بەڕێوەبەری گشتی، پێویستە هەمان ڕێکاری خانەنشینکردنی پلە تایبەت و باڵاکان بگیرێتەبەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دادگەی فیدراڵی ئەو بڕگەیەی بە نادەستووری ناساندبوو.
 
عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسایی و پسپۆڕ لە بواری وەزیفەی گشتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە بڕگەیەک لە مادەی 35ـی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی کە پێشتر دادگەی فیدراڵی هەڵیوەشاندبووەوە. بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە، لەمەودوا بەڕێوەبەرانی گشتی دەتوانن بە ڕێژەی 80%ـی کۆی مووچە و دەرماڵەکانیان خانەنشین بکرێن و بەوەش بڕی مووچەکەیان زیاتر دەبێت."
 
پێشتر لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی دارایی، ئەو بڕگەیەی لە یاساکە بە نادەستووری ناساندبوو، کە وای دەکرد بەڕێوەبەری گشتی وەک فەرمانبەرانی ئاسایی مووچەی خانەنشینیی بۆ هەژمار بکرێت.
 
عەبدولقادر ساڵح رایگەیاند، دادگەی پێداچوونەوە بۆ پاڵپشتیی بڕیارەکەی ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر بنەمای ناکۆکیی نێوان دوو لایەن نەبووە و دانیشتنی دادبینیی بۆ نەکراوە.
 
 
لە کاردانەوەیەکدا، ڕۆژی 4ـی حوزەیران، دادگەی باڵای فیدراڵی لە ڕوونکردنەوەیەکدا جەختی کردەوە کە بەپێی ماددەی 94ـی دەستوور، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کۆتایی و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان و هەر دەستبردنێک بۆیان "پووچەڵە".