کاروانێکی دیکەی خێزانە عێراقییەکان لە کامپی هۆلەوە گەرێندرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، کاروانێکی نوێی خێزانە عێراقییەکان، سەرووی 80 کەسن، لە کامپی هۆڵ گەڕێندراونەتەوە عێراق.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2024، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند، کاروانەکە کە لە 220 خێزان (کۆی گشتی 860 کەس) پێکهاتووە، رۆژی 31ـی ئایار گەڕێندرایەوە و بەمەش دەبێتە 26ـەمین کاروان کە لەو کامپەوە دەگەڕێندرێتەوە.
کامپی هۆڵ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دایە. زۆرینەی ئەو عێراقییانەی لەو کامپەدان، کەسوکاری چەکدارانی پێشووی رێکخراوی داعشن.
ئەو عێراقییانەی لە کامپی هۆڵەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا دەبرێنە کامپی "جەدعە" لە نزیک موسڵ بە مەبەستی شیاندنەوە و ئامادەکردنەوەیان، دواتر رەوانەی زێدی خۆیان دەکرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوەش کرد، "بەپێی ئامارەکانمان، هێشتا نزیکەی 13 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کامپی هۆڵ ماون کە چاوەڕێی گەڕانەوە دەکەن."