پلاندانانی عێراق: رووپێویی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ناوەڕاستی ئەم مانگە رووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، دەشڵێت سەرژمێری گشتی هەموو پارێزگا و ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە بە ناوچەکانی مادەی 140یشەوە و لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا 12 ملیار دینار بۆ سەرژمێری هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە. 
 
عەبدولزهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق رۆژی 06-07-2023 لەکاتی بەشداریکردنی بوڵتەنی هەواڵی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "وەزارەتی پلادانانی عێراق لە 15 ئەم مانگەوە رووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. 
 
هینداوی گوتی: "رووپێوەکە ئاماژەی گرنگمان پێدەدات لەبارەی هەژاری، هێڵی هەژاری، ناوچە هەژارنیشنەکان، بێکاری، ئەو ناوچانەی زۆرترین بێکاریان تێدایە، لەگەڵ داتا و ئاماژەی دیکە لەبارەی تەندروستی، خوێندن، نیشتەجێبوون، داهات و خەرجی خێزان". 
 
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: "یاسای بودجە پەسندکراوە، نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ سەرژمێری تەرخانکراوە کە 12 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستانە، لەماوەی ئەو ساڵەدا کاردەکەین بۆ تەواوکردنی ژێرخان و ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری. بۆ ساڵی داهاتوو بڕە پارەی دیکەش تەرخان دەکرێت بۆ سەرژمێری، هیودارین 2024 ، ساڵی بەڕێوەچوونی سەرژمێری بێت".
 
تاوەکو ئێستا چەند جارێک وادەی سەرژمێری دیاریکراوە، دوایینجار بڕیاردرا کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە جارێکی دیکە دواخرایەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق دەڵێت: "دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی لە دەسەڵاتی دەستەی باڵای سەرژمێرییە، دەستەکە مانگی داهاتوو کۆدەبێتەوە، پێش کۆبوونەوەکەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هاوئاهەنگی دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی تەواوی وردەکارییەکان و بڕیاری دیاریکردنی وادەی سەرژمێریی".
 
عەبدولزهرە هینداوی جەختی لەوەکردەوە، سەرژمێری هەموو پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق دەگرێتەوە، بە ناوچەکانی مادەی 140 و  پارێزگای کەرکووکیشەوە. ئەو سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە مادەی 140وە نییە، چونکە ساڵی 2010 دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێک ئەمەی جیاکردووەتەوە، سەرژمێریی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 کە بۆ دۆخی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی دیاریکراوە لەگەڵ سەرژمێری گشتی جیای کردووەتەوە، بۆیە ئەو دوو بابەتە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە. سەرژمێریی گشتی ئامانجەکەی پەرەپێدانە و بۆ دەستخستنی داتا وزانیاری تەواوە لەبارەی دۆخی عێراق".
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق باسی بێکاریی لە عێراق کرد و ئاماژەی بەوەکرد، داتای نوێیان لەبارەی رێژەی بێکاری لەبەردەست نییە، ئەو داتایەی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی 2021 کە ئەوکات وڵات لە ژێر کاریگەری پەتای کۆرۆنا بوو کە رێژەی هەژاری و بێکاری لە وڵات بەرزکردبووەوە. پێشبینی دەکەن لە دوو ساڵی دواتر 2022 و 2023 رێژەی هەژاری و بێکاری کەم ببووبێتەوە. ئەوکات رێژەی بێکاری  16.5٪ بوو.
 
هاوکات زیاتر روونیکردەوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، نەینەوا بەرزترین بوو کە 33٪ بوو،  موسەننا 28٪، زیقار 26٪ ، بەسرە 22٪ و بەغدا 10٪ بوو. دواتر پارێزگانی دیکە دێن لەنێوان 10 بۆ 15٪؛ بەڵام ئێستا ئەم رێژانە گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، رەنگە رێژەی بێکاری بەگشتی لە عێراق ئێستا بۆ نزیکەی 14٪ دابەزیبێت. 
 
سەبارەت بە رێژەی نەخوێندنەواریی لە عێراق، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "رێژەی نەخوێندەواریی لە 10 ساڵی رابردوودا کەمبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک رێکار و سیاسەت بووە کە وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندییەکان پیادەیان کردووە، ئێستا رێژەی نەخوێندەواریی لە عێراقدا بە گشتی 10٪ بۆ 12٪یە".