کارەبای فڕۆکەخانەى بەغدا بڕا
رووداو دیجیتاڵ
کارەباى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا بڕا، فڕۆکەخانەکەش گەشتیاران و کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک دەڵێت: "دوای نیوەڕۆ گەشتێکمان بەرەو بەغدا هەبووە و لە بوونى کێشە ئاگادار نەکراوینەتەوە."
رۆژی 6ى تەممووزى 2023، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کارەبای فڕۆکەخانەکە بڕاوە، ئەویش بەهۆى بوونی کێشە لە سەرچاوەکانی دابینکردنی کارەبای فڕۆکەخانەکە.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا گەشتیاران و کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى لە بڕانى کارەباکە ئاگادار کردووەتەوە و ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ وەزارەتى کارەبا کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە هونەرییە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: کارەبا لە فڕۆکەخانەکەمان بڕاوە و هەوڵدەدەین چارەسەری گرفتەکە بکەین pic.twitter.com/NZI3O9VksR
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 6, 2023
هەروەها رۆژی 6ى تەممووزى 2023، هەردى سەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کاژێر 16:00 گەشتێکى فڕۆکەوانى لە کەرکووکەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووە و لەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە کە کێشە لە فڕۆکەخانەى بەغدا هەبووبێت.