حکومەتی عێراق بە جێبەجێنەکردنی بەندەکانی رێککەوتننامەی تایبەت بە پێکهێنانی تۆمەتبار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بچێتە بەغدا و باس لە کارنامەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق بکات. 

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کات دیاریکراوە بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا، بەڵام دەرنەکراون. پەرلەمانتارێکی یەکێتیش بە پێویستی دەزانێت کێشەکانی نێوان حیزبەکەی و پارتی چارەسەر بکرێن و لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی دیکە یەک بەرنامەیان هەبێت. 
 
نەناردنی بودجە و دەرنەکردنی یاسای نەوت و گاز 
 
شوان محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 06-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کات دیاریکرابوو بۆ دەرکردنی هەندێک یاسا، بەڵام یاساکان دەرنەکراون.

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی یاسای نەوت و گاز بە نموونەی یاسا دەرنەکراوەکان دەهێنێتەوە و دەڵێت، "دەبووایە شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی دەرکرابا، بەڵام نۆ مانگ تێپەڕبووە و هێشتا خاڵی ناکۆک زۆرن؛ تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی دەرنەکردووە."
 
بەگوتەی شوان محەممەد، "دەرنەکردنی رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانییەتی" و دەشڵێت، حکومەتی عێراق مووچە بۆ کارمەندانی ژێر دەسەڵاتی خۆی خەرج دەکات، بەڵام "دوو مانگە مووچەخۆرانمان لە هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمە تەنگ پێ هەڵچنینە و دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دژی حکومەتەکەیان ببنەوە."
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکی نەوت و گازی "گونجاو"ەوە دۆسیەی تایبەت بە وزەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەو بارەوە دەڵێت: "تێڕوانینی جیاواز هەن. ئاراستەی ئەوان [بەغدا] پێچەوانەی دەستوورە و دەیانەوێت تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت بیرە نەوتەکانیش کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە. هەرێمی کوردستان خۆی دەتوانێت نەوتی خۆی دەربهێنێت و کۆمەڵێک دەسەڵاتی هەیە، بەڵام ئەوان مەرکەزی بیردەکەنەوە و باوەڕیان بە بنەماکانی فیدراڵی نییە، دەیانەوێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەکی خۆیان دەکەن، بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بکەن."
 
یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە مادەی 140ـی دەستووری عێراقەوە هەیە. بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
 
لەبارەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـەوە، شوان محەممەد گوتی، "کۆبوونەوە لەبارەی مادەی 140 هەیە، بەڵام وەکو ئەوە نییە کە لە پێش پێکهێنانی حکومەت گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، چونکە ئەو کات بە جیدی قسەی لەسەر دەکرا و بڕیاریش درا پارەیەکی زۆر باشی بۆ خەرجبکرێت. ئەم کابینەی حکومەتی عێراقیش هیچی نەکرد."
 
یەکدەنگیی پارتی و یەکێتی لە بەغدا 
 
پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوا دەکات کورد لە بەغدا یەک دەنگ بێت و خۆی رێکبخاتەوە و دەشڵێت، "راستە چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر ئاسان نییە، بەڵام هەنگاوی باش نراون."
 
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زیاتر لە 10 ساڵە کێشەیان هەیە. ئەم کێشانەی ئێستاش کەڵەکەبووی 10 ساڵی رابردوون، بۆیە بە ئاسانی چارەسەرناکرێن. سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بناخەی چارەسەریان بۆ دانراوە و هەنگاوی باشیان بڕیوە. بۆ نموونە، لە بابەتی فرۆشتنی نەوت، لە بابەتی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە بابەتی پابەندییەکانی نێوان هەردوولا، ئەوانە لە یاسای بودجە باسکراون؛ کێشەی کەم ماوە و دەبێت ئەوانیش بەگوێرەی یاساکە چارەسەر بکرێن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لەبارەی یاسای نەوت و گاز گوتی، "سێ بنەما هەن بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز؛ بنەمای سیاسی کە رێککەوتنی نێوان پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە؛ رێککەوتن لە نێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بنەمای یاسایی، بەڵام عێراق دەیەوێت بنەمایەکی دیکەی بۆ زیادبکات کە پشت بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و دادگەی پاریس دەبەستێت و کارێکی لەو جۆرەش لە بەرژەوەندی خۆیانە."
 
لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز، کاروان یاروەیس گوتی، "گفتوگۆکان هێشتا لە قۆناخی سەرەتادان، بەڵام پێش ئەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، پێویستە یەکێتی و پارتی رێکبکەون و لەگەڵ هێزەکانی دیکەش وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ قسە بکەن. دەبێت کورد خۆی رێکبخاتەوە و یەک بەرنامەی هەبێت."
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە 28ـی تشرینی دووەمی 2022 بڕیاریدا لیژنەی مادەی 140 دروست بکرێتەوە، بەڵام کاروان یاروەیس دەڵێت، "پێشبینی ناکەین ئەم کابینەیە دەست بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 ببات. ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە ئەوەیە بڕە پارەیەکی کەم بۆ قەرەبوو دیاریکراوە و لەم قۆناخەدا ئەم کابینەیە بەو ئاراستە کار دەکات کە تەنیا قەرەبووی خەڵکەکە بکاتەوە، ئەویش تاوەکو کوردێک قەرەبوو دەکرێتەوە دوو هاوڵاتی عەرەب و پێكهاتەکانی دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە."