دادگەى فیدراڵیى عێراق سێ سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستانی دواخست

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سێ سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستانی بۆ 3ى ئەیلوولی ئەمساڵ دواخست. سکاڵاکان تایبەت بوون بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان. 
 
رۆژی 6ى ئابى 2023، وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا ئەو سێ سکاڵایە دوابخات کە دژى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوون. دانیشتنى تایبەت بە تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایانە بۆ 3ى ئەیلوولى 2023 دواخرا".
 
وریا سەعدى گوتیشى، "دواخستنى ئەو سکاڵایانە بۆ تاوتوێکردنى زیاتریان و ئامادەکردنى وەڵامیان لەلایەن تیمى یاسایی پەرلەمانى کوردستانەوە دەگەڕێتەوە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ى ئاب دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کۆبووەوە، کە سێ لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان. دووان لەو سکاڵایانە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و سکاڵاکەی دیکەشیان دژی بەسەرچوونی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
سکاڵایەکى دیکە لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کۆتاى کریستیان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە دژى مادەی 36ی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە تایبەتە بە کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان و مادەى 9ی هەمان یاسا کە هەرێمى کوردستانى وەکو یەک بازنەى هەڵبژاردن دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
6ى ئابى 2023، ئامانج نەجیب بە تۆڕى میدیایی رووداوى  گوت، "سکاڵاکەى من بۆ 3ى ئەیلوول دوخراوە بە مەبەستى یەکخستنى لەگەڵ سکاڵاى دیکە کە هاوشێوەن".
 
سکاڵای سێیەم لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
 
لە رۆژی 23-6-2018ـەوە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتاییهاتووە و پەرلەمانی کوردستانیش سەرەتای مانگی تەممووزی 2019 تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە درێژکردەوە.