کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەى تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکانی درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بڕیاریدا وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان 24 کاژێر درێژبکاتەوە و نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانیشى تاوەکو 12ـى ئاب درێژکردەوە.
رۆژی 6ـى ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیاردراوە وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بۆ ماوەى 24 کاژێر درێژ بکرێتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆتایی دەهات.
عیماد جەمیل گوتی، "درێژکردنەوەى ئەو وادەیە تاوەکو کۆتایی دەوامى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانە، کە کاژێر سێى پاشنیوەڕۆى 7ـى ئابە."
لە یەکى تەممووزەوە تۆمارکردنى هاوپەیمانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستیپێکرد، کە تاوەکو 31ـى تەممووز بوو، بەڵام وادەکەى بۆ شەشى ئاب درێژکرایەوە.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەى وادەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ 12ـى ئاب، ئەویش بەهۆى زۆریى سەردانیکارانى دەنگدەران بۆ ناوەندەکانى تایبەت بەو نوێکردنەوەیە.
لە 9ـى حوزەیران، نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە عێراق دەستیپێکرد.
بڕیارە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و بۆ یەکەمجار لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.