مەندەلاوی بۆ مەشهەدانی: دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان دروست بوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی شەڕەبۆکسەوە پەکیکەوت و سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە و بڕیارەکانی نێو دانیشتنەکەی دا، ئەمڕۆ نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، دانیشتنەکە و بڕیارەکانی دروست بوون.
دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەسەر دەنگدان بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی راژە دروست بوو.
لە دانیشتنەکەدا، شەڕە بۆکس لە نێوان رەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری سوننە و عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری شیعە روویداوە. کە رەعد دەهلەکی لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "عەلا حەیدەری سوکایەتی بە سوننە و سەرۆکی پەرلەمان کرد، بۆیە بوو بە شەڕمان و بە بۆکس لەیەکدیمان دا."
بەگوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە، نازم ساعدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، تێیدا باس لەوە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان هۆڵی دانیشتنەکەی بەجێهێشتووە ئەوەش پێشێلکردنی بڕگەکانی مادەی 24ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و بەهۆی جێهێشتنەکەیەوە دانیشتنەکە بۆ زیاتر لە سێ کاژێر دواکەوت، بۆیە بە بەردەستبوونی رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 169 ئەندام، دانیشتن کراوە.
نووسینگەکەی مەندەلاوی، پشتی بەستووە بە بڕگەکانی مادەی 35ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کە تێیدا هاتووە، "جێگری یەکەمی سەرۆک تایبەتمەندە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرۆکی پەرلەمان و کردنەوە و سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە کاتی ئامادەنەبوون یان نەبوونی توانای سەرۆک بۆ ئەو ئەرکە."
رەعد دەهلەکی گوتی: "هەڵبژاردنی سەرۆکی هەردوو ئەنجوومەنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی راژە بۆ بەرنامەی کار زیادکرا؛ پێکهاتەی سوننە داوایان کرد سەرۆکایەتی یەکێک لە دوو ئەنجوومەنەکەیان پێبدرێت و شیعەکان بەشێکیان رازی نەبوون بەو داوایە."
بەگوێرەی دەهلەکی، مەحموود مەشهەدانی دانیشتنەکەی راگرتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکهاتەی سوننە قسە بکات لەسەر ئەو داواکارییەیان، ئەو پەرلەمانتارە سوننەیە گوتیشی، "چووینە ژوورێکەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک ئێمە لە ژوورەوە بووین، بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆک دانیشتن کرابوو و دەنگ لەسەر هەردوو سەرۆکەکە درا، کە هەردووکیان شیعە بوون."
لە نووسراوەکەدا نووسینگەی مەندەلاوی ئاماژە بەوە دەکات، "رێکارەکانی دانیشتنی ژمارە چوار؛ رێژەی یاسایی و ئەو بڕیارانەی تێیدا دراون دروستن و بەگوێرەی یاسا بوون، بەڵام بڕیاری دروستی یان پووچەڵبوونەوەی دانیشتنەکە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەرییە، ئەمە جگە لەوەی بەگوێرەی بڕگەکانی مادەی 11 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنەکان بە کۆدەنگی یان بە رێککەوتنی نێوان سەرۆک و یەکێک لە دوو جێگرەکە بەڕێوەدەچن."
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئامادەبوونی لە باڵەخانەی پەرلەمان، بەڵام جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دانیشتنی کردووە.
مەشهەدانی بڕیاریداوە دانیشتنەکە بە نادروست هەژمار بکرێت و هەموو ئەو بڕیارانەیشی تێیدا دراون هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو 5 پرۆژەیاسایەی بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاری پەرلەمان بوون بریتین لە: پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی بنەماکانی هاوسەنگکردنی بڕوانامە و پلەی زانستیی عەرەبی و بیانی، پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە، پرۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە، پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکی و کیمیایی و بایۆلۆژی و پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.