یاریدەدەری پارێزگاری کەربەلا: ژمارەی زیارەتکاران 22 ملیۆن تێدەپەڕێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری کەربەلا دەڵێت، زیاتر لە 3 ملیۆن و 566 هەزار زیارەتکاری بیانی سەردانی کەربەلایان کردووە و کۆی ژمارەی زیارەتکارانیش 22 بۆ 23 ملیۆن زیارەتکار دەبێت. 
 
عەلی مەیالی، یاریدەدەری پارێزگاری کەربەلا رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 3 ملیۆن و 566 هەزار زیارەتکاری بیانی سەردانی کەربەلایان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن. پێشبینی دەکەین ژمارەی زیارەتکاران 22 ملیۆن یان 23 ملیۆن زیارەتکار تێپەڕێنێت". 
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزارگەی عەباسییە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی زیارەتکاران گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 19 هەزار و 146 زیارەتکار. 
 
هاوکات عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق باس لەوە دەکات، دوو ملیۆن زیارەتکار دوای بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن، عێراقیان جێهیشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان. 
 
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رۆژی 5ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، "تائێستا زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە چوونەتە کەربەلا. لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکار دوای بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن گەڕاونەتەوە ئێران". 
 
هاتنی ئەو زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا. دەیان هەزار کەس لەوانیش لە دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ دەچنە نێو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە دەچنە کەربەلا. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023 گوتی، لایەنە پەیوەندارەکان ئاسانکارییان بۆ هاتنی زیارەتکاران کردووە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی مونزرییە، زرباتییە، شیب، شلامچە، سەفەوان، مەندەلی، کەرکووک، قائیم، فڕۆکەخانەی بەغدا، فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەی بەسرە.