دەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەیڕەوی سندووقی خانەنشینیی عێراق؛ 'مافی فەرمانبەر و خانەنشینان پارێزراوە'

رووداو دیجیتاڵ

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی سیستمی سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە لەسەر داوای فەرمیی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی و بەهۆی نەبوونی رێنوێنیی کارپێکەر بۆ کارەکانی دەستەکە دەرچووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مافی فەرمانبەر و خانەنشینان نابێت.
 
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم روونکردنەوەیە تایبەتە بە بڕیاری ژمارە (551)ی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 12ـی مانگی رابردوو دەریکرد."
 
بە گوتەی حەیدەر مەجید، "بڕیارەکە زیان بە مافی فەرمانبەران و خانەنشینان ناگەیێنێت و سەرجەم شایستە دارایی و خانەنشینییەکانیان بەپێی یاسا پارێزراون."
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، وەزارەتی دارایی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ پێکهاتەکانی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی ئامادە کردووە، کە تێیدا سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە یەکێک لە پێکهاتەکانی دەستەکە دادەنرێت، ئەمەش هەڵوەشاندنەوەی سیستمەکەی کردووەتە پێویستی، تاوەکو دەرچوونی رێنوێنیی کارپێکەر بۆ دەستەکە.
 
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە وردبینیی یاسایی بۆ کراوە و دواتر بەگوێرەی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدان لەسەری.
 
رۆژی 12-08-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی پەیڕەوی سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە (4)ی ساڵی 2008ی هەڵوەشاندەوە.
 
لە مادەی یەکەمی پەیڕەوە نوێیەکەدا هاتووە کە "پەیڕەوی سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (4)ی ساڵی 2008 و سەرجەم رێنماییە دەرچووەکانی بەپێی ئەو پەیڕەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە."
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە، وەک لە مادەی دووەمی پەیڕەوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، رێگەخۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی "پەیڕەوی ناوخۆیی دابەشکاریی پێکهاتەکانی دەستەی گشتیی خانەنشینی و ئەرکەکانی" کە پەیڕەوێکی نوێیە و کاری پێدەکرێت.
 
پەیڕەوە نوێیەکە کۆتایی بە کاری سندووقە کۆنەکە دەهێنێت و بەڕێوەبردنی کاروباری خانەنشینی راستەوخۆ دەخاتە ژێر سەرپەرشتیی "دەستەی گشتیی خانەنشینی"یەوە لە چوارچێوەی پێکهاتە نوێیەکەیدا.
 
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیڕەوی سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (4)ی ساڵی 2008 بەپێی پەیڕەوی ژمارە (8)ی ساڵی 2025، ئەم واتایانە دەگەیێنێت:
 
1. هەڵوەشاندنەوەی سندووقی پێشوو وەک قەوارەیەکی کارگێڕی و دارایی سەربەخۆ:
 
پێشتر سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت لایەنێک بوو کە پارەی بەشداریکردنەکانی خانەنشینیی فەرمانبەرانی بەڕێوەدەبرد و مووچەی خانەنشینانی دابەش دەکرد.
 
دوای هەڵوەشاندنەوەکە، چیدی "سندووق"ێک بە پێکهاتە کۆنەکەیەوە نامێنێت و دەسەڵات و بەڕێوەبردنەکەی دەگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی دیکە (کە بریتییە لە دەستەی گشتیی خانەنشینی).
 
2. گواستنەوەی ئەرک و پسپۆڕییەکان
 
ئەرکەکانی وەرگرتنی پارەی بەشداریکردن، بەڕێوەبردنی سامانی سندووقەکە و خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی دەگوازرێنەوە بۆ دەستە یان پێکهاتەیەکی تر کە پەیڕەوە نوێیەکە دیاری کردووە (بۆ نموونە پەیڕەوی ناوخۆیی دەستەی گشتیی خانەنشینی ژمارە 2ی ساڵی 2025 کە لە هەمان ژمارەی رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوکراوەتەوە).
 
3. سادەکردنەوە یان رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی
 
ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە، یەکخستن و سادەکردنەوەی رێکارەکانی خانەنشینییە، هەروەها کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوەی کار و ئەرک (ازدواجیة) لەنێوان سندووقەکە و دەستەی گشتیی خانەنشینیدا.
 
4. بڕیارەکە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی مافی فەرمانبەران و خانەنشینان نایەت
 
ئەم بڕیارە لە پلەی یەکەمدا بڕیارێکی ڕێکخستن و کارگێڕییە و بە هیچ شێوەیەک شایستە و مافەکانی خانەنشینی هەڵناوەشێنێتەوە، کە لەلایەن یاسای یەکگرتووی خانەنشینییەوە گەرەنتی کراون، بەڵکو تەنیا ئەو لایەنە دەگۆڕێت کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری خانەنشینیی لە ئەستۆدایە.