فوئاد حوسێن: بەرەوپێشچوون لەبارەی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن دەڵێ، دانوستاندن لەنێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی داهاتی نانەوتی چووەتە پێش و گوتی: "هیوادارین ئەو لیژنانەى نێوانیان کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەش بڕیاربدرێ."
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلوولی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە زۆر چووەتە پێشەوە. بە تێڕوانینی من لەم رۆژانەدا دەگەنە لێکتێگەیشتن؛ هەر لایەک شرۆڤەی خۆی لەبارەی شرۆڤەی یاساکان پێشکێش کردووە."
رادەستکردنی داهاتی نانەوتی یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە کە تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر لەسەر بڕی داهاتە رادەستکراوەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و تیمی هاوبەشی نێوانیان کاری لەسەر دەکەن.
فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیوادارین ئەو لیژنانە کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەش بڕیاربدرێ."