ئەمینداری گشتیی ئۆپێک: خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک لە دیداری نێودەوڵەتیی وزەی عێراق باسی لە دیدگەی ئۆپێک سەبارەت بە خواستی جیهان بۆ نەوت و وزە کرد.
هەیسەم غەیس رایگەیاند، داواکاریی جیهانی بۆ وزە بە سەرچاوە جیاوازەکانییەوە تاوەکو ساڵی 2050 بەرزدەبێتەوە، بە جۆرێک لە نزیکەی 308 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ 378 ملیۆن بەرمیل بەرزدەبێتەوە.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی نیو ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بۆ شارەکان کۆچ دەکەن.
ئۆپێک هاوسەنگی بازاڕەکانی نەوت و وزەی جیهان دەپارێزێ
هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک لەبارەی رۆڵی رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند: "رۆڵێکی سەرەکی لە بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بازاڕەکانی نەوت و بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا گێڕاوە و هەمیشە دەنگێکی پێشەنگ بووە لە بانگەوازکردن بۆ بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی وزە و رزگاربوون لە هەژاریی وزە و پتەوکردنی خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابووریی گشتگیر لە هەموو جیهان".
هەیسەم غەیس گوتی: "توێژینەوەکانی رێکخراوی ئۆپێک ئاماژە بەوە دەکەن کە جیهان رووبەڕووی زیادبوونێکی بێ وێنە لە داواکاری وزە دەبێتەوە، کە هۆکارەکەی گەشەی دانیشتووان، ئابووری، شارنشینی و دەرکەوتنی پێداویستیی نوێی وزەیە، لەگەڵ پێویستیی بەپەلە بۆ دابینکردنی وزە بۆ ملیاران کەس کە هێشتا لێی بێبەشن".
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک گوتی: "لێرەدا گرنگە کاتێک باسی وزە دەکەین، ئەوە بزانین مانای داهاتووی وزە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕدرێ. بۆ هەندێک وڵات، گواستنەوەی وزە بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کاراتر و بەردەوامتر دێت، لە کاتێکدا بۆ وڵاتانی دیکە بە مانای دەستڕاگەیشتن بە کارەبا بۆ یەکەمجار یان دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک گازی چێشتلێنان و گەرمکردنەوە و سادەترین هۆکارەکانی گواستنەوە دێت. بۆیە ناتوانین یەک تێڕوانین بۆ داهاتووی وزە پەیڕەو بکەین کە بۆ هەمووان گونجاوبێ".
جیهان ناتوانێت دەستبەرداری نەوت و گاز بێت
هەیسەم غەیس باسی لەوەشکرد، راپۆرتەکانی ئۆپێک ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکی سووتەمەنیی بەبەردبوو لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە نزیکەی 80%ی تێکەڵەی وزەی جیهانی کە رێژەیەکە زۆر جیاواز نییە لەوەی لە ساڵی 1960دا هەبوو، کاتێک رێکخراوی ئۆپێک دامەزرا، سەرەڕای ئەوەی بەکاربردنی وزەی جیهانی لەو کاتەوە زیاتر لە پێنج هێندە زیادی کردووە.
هەیسەم غەیس رایگەیاند: "بۆیە ئێستا روون بووەتەوە کە هەموو ئەو بانگەوازانەی داوای وازهێنانی خێرا و بێ بەرنامەیان لە نەوت و گاز دەکرد، دوورن لە راستییەوە، بەڵکو بە دڵنیاییەوە دەبوونەهۆی تێکچوون لە دابینکردنی ئاسایشی وزە و هەڵبەز و دابەز لە نرخ کە لە ئەنجامدا کێشەی ئابووری وەها دروست دەبوو کە تێپەڕاندنی ئەستەم دەبوو".
هەیسەم غەیس گوتی: "هەندێک لە سیاسەتەکانی کەشوهەوا، سەرەڕای ئامانجە گەورەکانیان، بە شێوەیەکی پێویست رەچاوی ئەو ئاڵنگارییانەیان نەکردووە کە پەیوەستن بە ئاسایشی وزە و تێچووی گۆڕانکاری. بەڵام پێداچوونەوەکانی ئێستا، هۆشیارییەکی زیاتر نیشان دەدەن سەبارەت بە پێویستیی پەیڕەوکردنی رێبازی هاوسەنگتر و گونجاوتر".
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک گوتی: "هیچ کەسێک ناتوانێ نکۆڵی لەو سوودە بنەڕەتییانە بکات کە نەوت و بەرهەمەکانی بۆ ملیاران کەس لە سەرانسەری جیهاندا دابینی دەکەن. بە سادەیی و روونی، نەوت خوێنبەری ئابووریی جیهان و جووڵە و گواستنەوەیە، بنچینەی کەرتی بیناسازی و شادەماری زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراکە، تەنانەت نەبوونی نەوت، توانای بەرهەمهێنانی زۆرێک لەو دەرمان و کەرەستە پزیشکییانە پەکدەخات کە رۆژانە ژیانی مرۆڤ رزگار دەکەن".
داواکاریی جیهان لە سەرچاوە جیاوازەکانی وزە 23٪ بەرز دەبێتەوە
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "خەمڵاندنی رێکخراوی ئۆپێک بەو جۆرەیە کە داواکاریی جیهانی لەسەر وزە بە سەرچاوە جیاوازەکانییەوە تاوەکو ساڵی 2050 بەرز دەبێتەوە، واتە لە نزیکەی 308 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ 378 ملیۆن بەرمیل بەرزدەبێتەوە. سەرەڕای پاشەکشەی چاوەڕوانکراو لە بابەتی خەڵووز، سەرچاوەکانی دیکەی وزە وەک وزەی نوێبووەوە، وزەی ئەتۆمی، گاز و نەوت، گەشەیەکی بەردەوام بەخۆیانەوە دەبینن، لەگەڵ مانەوەی نەوت وەک پشکی شێر لە تێکەڵەی وزەی جیهانی بە پشکی نزیکەی 30%. هەروەها پێشبینی دەکرێ پشکی نەوت و گاز پێکەوە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم سەدەیە بە رێژەی زیاتر لە 50% بمێنێتەوە".
هەیسەم غەیس رایگەیاند: "لەم چوارچێوەیەدا خواست لەسەر نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێ و تاوەکو ساڵی 2050 دەگاتە نزیکەی 123 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کە هۆکارەکەی گەشەی کەرتە گرنگەکانی وەک گواستنەوە، پیترۆکیمیایی و فڕۆکەوانییە. بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیش بەرزبوونەوەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت".
هەیسەم غەیس باسی لەوەشکرد، ئەم زیادبوونەی خواست، هاوکاتە لەگەڵ گەشەی خێرای دانیشتووان و ئابووریی جیهان کە پێشبینی دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە 8.2 ملیار کەسی ئێستاوە تاوەکو ساڵی 2050 بگاتە نزیکەی 10 ملیار کەس.
هەیسەم غەیس گوتی: "تاوەکو ساڵی 2030، واتە کەمتر لە پێنج ساڵی دیکە، نزیکەی نیو ملیار کەس دەچنە شارە نوێیەکان لە سەرانسەری جیهان.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک هەروەها گوتی: "پشتیوان بە خودا، لە لایەنی ئابوورییەوە جیهان گەشەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، کە پێشبینی دەکرێ قەبارەکەی لە 171 تریلیۆن دۆلاری ئێستاوە بگاتە نزیکەی 360 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی تاوەکو ساڵی 2050".
هەیسەم غەیس گوتی، لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و دابینکردن، پێشبینییەکانی رێکخراوی ئۆپێک ئاماژە بەوە دەکەن، بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لە نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ نزیکەی 64 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تاوەکو ساڵی 2050 بەرز بێتەوە. پێشبینی دەکرێت هەناردەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاسیا نزیکەی نیوەی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێکبهێنێت، کە ئەمەش رۆڵی سەرەکی و روو لە هەڵکشاوی ئەم ناوچەیە لە بازرگانیی نەوت و وزەی جیهانیدا دووپات دەکاتەوە.
هەیسەم غەیس رایگەیاند، سەبارەت بە توانای پاڵاوتن لەسەر ئاستی جیهان، پێشبینی دەکرێ تاوەکو نێوەڕاستی ئەم سەدەیە توانای پاڵاوتنی نوێ بە بڕی نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، کە ئەمەش توانای جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خواستی روو لە زیادبوون و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی دابینکاریی بازاڕەکان بەهێزتر دەکات.