بانکى ناوەندیی عێراق: لە ساڵی داهاتووەوە ناتوانن پارەی حەواڵە بە دۆلار رابکێشن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى بانکى ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتاى ساڵى 2024ـەوە ئەو حەواڵانەى دۆلار کە لە دەرەوەى وڵاتەوە دەکرێن بۆ عێراق نابێت بە دۆلار رابکێشرێت، بەڵام ئەو بڕیارە کاریگەری نابێت لەسەر ئەو دۆلارەى کە هاووڵاتییان لە بانکەکان دایانناوە.
رۆژی 5ـی تشرینى یەکەمى 2023، مازن سەباح ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى وەبەرهێنان و حەواڵەى دەرەکی لە بانکى ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە لە 1ـی کانوونى دووەمى 2024ـەوە راکێشانى نەختینەیی دۆلارى پارەى حەواڵەکراوى دەرەوە بۆ عێراق لە رێگەى بانکەکانەوە رادەگیرێت و ئەو پرۆسەیە بەگوێرەى رێکارێکی تایبەت رێکدەخرێت.
مازن سەباح ئەحمەد ئاماژەى بەوەدا کە راگرتنى راکێشانى دۆلارى نەختینەیی لە بانکەکان ئەو دۆلارانە ناگرێتەوە کە هاووڵاتییان لە هەژمارى تایبەتیی خۆیان لەو بانکانە دایان ناون و لەدوای ئەو وادەیەشەوە هەر دەتوانن بە دۆلار رایبکێشن.
بانکى ناوەندیی عێراق رۆژانە دۆلار بە نرخى فەرمى 1310 دینار بە بازرگانان دەفرۆشێت بە مەبەستى بازرگانیی دەرەکى کە بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى دەبێت بۆ رێگرى لە مامەڵەى نەختینەیی دۆلار کە بە هۆکارى بە قاچاخبردنى پارە و سپیکردنەوەی و ناجێگرى بازاڕى دراوى دەزانێت.
بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى وەبەرهێنان و حەواڵەى دەرەکى بانکى ناوەندى رەتیکردەوە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕدا بگاتە 1700 دینار. گوتیشى، "ئەو رێکارانەى بانکى ناوەندى دەیگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەى جیاوازى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار لەنێوان نرخى فەرمى و بازاڕدا و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەى بەهاى دینار بگاتە ئەو ئاستە، بەڵکو رێوشوێنەکان وا دەکات کە جیاوازیی بەهاى نێوان دینار و دۆلار کەمتر بێتەوە."
بانکى ناوەندیی عێراق بەمەبەستى فرۆشتنى نەختینەیی بۆ گەشتکردن و حەواڵەى دەرەکى، دۆلار بە نرخى فەرمى 1310 دەفرۆشێت، بەڵام بەهاکەى لە بازاڕدا زیاتر لە 1500 دینارە.