لیوا یەحیا رەسوول: رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران کردوویانە، هەوڵدەدەن هەمان ئەزموون بە سەرکەوتوویی لەگەڵ تورکیاش دووبارە بکەنەوە.
شەوی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کۆرۆژی رووداودا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کارەکان بەردەوامن بۆ هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئێران و رێگریی لە بوونی چەکدارەکان لەسەر سنوور و ناو خاکی عێراق و بەرگرتن لە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
لیوا یەحیا رەسوول ئاشکرای کرد، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیری دەرەوەی راسپارد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنی تورکی، بۆ کاراکردنی لیژنە ئەمنییەکان و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەردوو وڵات بەتایبەتی لیژنە تایبەتەکان بە سنوور.
سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ تورکیا، لیوا یەحیا رەسوول گوتی: "دیپلۆماسییەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا. ئێستا شاندێک لە تورکیایە بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری بەرگریی عێراق و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان. لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی چەندین پرس کراون. لەوانە پڕچەککردن و سوودوەرگرتن لە پیشەسازیی بەرگریی و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا."
تورکیا بەردوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنیا ئەم هەفتەیە زیاتر لە 40 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
لیوا یەحیا رەسوول لەو بارەیەوە دەڵێت، "رێگە نادەین سەروەریی عێراق پێشێل بکرێت و پێویستە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیای دراوسێ لە چەندین بواردا هەبێت، بەتایبەتیش بوارە ئەمنی و سەربازییەکان. بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا رەنگە لیژنە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوانمان کارا بکرێنەوە و ئەنجامی باشیان لێبکەوێتەوە بەهەمان شێوەی ئەو ئەنجامە باشانەی لەگەڵ ئێران بەدەستهاتوون."
لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا هەر لەسەر ئاستی باڵیۆزخانەکانمانەوە تا دەگاتە بەرزترین ئاست، پەیوەندییەکی زۆرباش و هاوئاهەنگییەکی فراوانمان لە چەندین بواردا هەیە. لەسەر رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاردەکرێت بۆ ئەوەی سنوورەکان تۆکمەتر بکرێن و رێگری لە چەکداران بکرێت بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر تورکیا. لە هەمانکاتیشدا سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت و هەمووان رێز لە سەروەری عێراق بگرن.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە ئەو لیژنانە کاردەکەن و ئێمە لە قسەکانماندا زۆر روونین و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زۆر روون و ئاشکرایە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ. چۆن ئەم هاوئاهەنگییەمان لەگەڵ ئێران کرد متمانەی تەواومان هەیە بەوەی دەتوانین سەرکەوتوو بین لە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەزموون لەگەڵ تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سەروەری عێراق."