سوودانی بەبۆنەی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی: سوورین لەسەر گرنگیدان بە پێکهاتە رەسەنەکانی وڵاتەکەمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەژنی جەما لە کوردانی ئێزدی پیرۆز دەکات و دەڵێت: "ئەم بۆنەیە قووڵایی شارستانی و فرەڕەنگیی کولتووریی وڵاتەکەمان دووپات دەکاتەوە".
محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، لە هەژمارەی ئێکسی خۆی نووسیویێتی: "پیرۆزبایی لە گەلی ئێزدیی خۆشەویست لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەکەین، بەبۆنەی هاتنی جەژنی جەما، ئەم بۆنەیە قووڵایی شارستانی و فرەڕەنگیی کولتووریی وڵاتەکەمان دووپات دەکاتەوە، کە سەرچاوەی هێز و شانازییە".
بە گوتەی سوودانی حکومەتەکەی سوور بووە لەسەر گرنگیدان و پێشکەشکردنی چاودێریی تەواو بە پێکهاتە رەسەنەکانی وڵات و چەسپاندنی بوونیان لە عێراقدا، ئەویش لە رێگەی پێدانی تەواوی مافە دەستوورییەکانیان لە ژیانێکی شکۆمەندانە و پشتگیریکردنی چالاکییە ئایینی و کولتوورییەکانیان.
جەژنی جەما، یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی و لە 6ـی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی 7 رۆژ دەخایێنێت. چەندین رێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچن. کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.
بەگوێرەی ئایینی ئێزدی، هەموو ئێزدییەک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، هەروەها ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوە و بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆر دەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆر دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی "خودا لە تاوانەکانیان خۆشبێت".
رێورەسمەکان بەسەر 7 رۆژی ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێورەسمی 7 پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا 7 کچ وەکو 7 پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، "وەکو ئاماژەیەک بۆ 7 فریشتەی ئاسمان."
رۆژی شەشەم، رێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێورەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ. گۆشتەکەی "دەبێتە زادێکی پیرۆز" و پێیدەڵێن سمات.
رۆژی حەوتەم رێورەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێورەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رووحانی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی 4 ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.