کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق مۆڵەتى فەرمانبەرەکانى راگرت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق مۆڵەت وەرگرتنى فەرمانبەرانى رادەگرێت، جگە لە مۆڵەتى نەخۆشى. بەرپرسێکى ئەو کۆمیسیۆنە دەڵێت، "ئەو بڕیارە تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کارى پێدەکرێت."
بەگوێرەى نووسراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە 2ى تشرینى دووەمى 2023 دەریکردووە، سەرجەم مۆڵەتى ئاسایی و کاتى فەرمانبەرەکانى راگرتووە، تەنها مۆڵەتى نەخۆشى نەبێت، کە دەبێت بە راپۆرتى لیژنەى پزیشکیى پاڵپشتیکراو بێت.
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان لە یەکشەممەوە چووەتە وارى جێبەجێکردنەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕیارە تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق کارى پێدەکرێت، کە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت."
عیماد جەمیل گوتیشى، "بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانەى کۆمیسیۆن ناگرێتەوە کە لە نووسینگەکانى هەرێمى کوردستانن."
لە 1ى تشرینى دووەمی 2023 بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەستیپێکرد، کە ماوەى 45 رۆژ دەخایێنێت.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، فەرمانبەرانى کۆمیسیۆن بەگوێرەى پێویست لە رۆژانى هەینى و شەممە و پشووەکانیش دەوامیان پێدەکرێت.
یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، کە تێیدا زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە.