مەندەلاوی داوای بەشداری 'کارا و هۆشیارانە' لە هەڵبژاردن دەکات

رووداو دیجیتاڵ

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای بەشداری کارا و هۆشیارانە دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا.
 
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی لەکاتی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن هاوپەیمانیەکەیدا کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی هەڵبژاردنی نوێنەری لێهاتوو لە خەمی خەڵک و ئاواتەکانیان نزیک بن و ئەوانەی توانای زانینی پێداویستییەکانی پایتەخت و کارکردن لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانەکەی هەیە".
 
موحسین مەندەلاوی، لە قسەکانیدا داوای بەشداری کارا و هۆشیارانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ مسۆگەرکردنی گەشەپێدان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
 
بەگوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی، وەبەرهێنانی راستەقینە لە داهاتووی بەغدا بە هەڵبژاردنی بەربژێرە گونجاوەکان دەستپێدەکات کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و کارکردنیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەیە بۆ گۆڕینی واقیعەکەی"، ئاماژەی بەوەشدا "گەل بنەمای سەرەکییە لە نەخشاندنی داهاتووی نیشتمان".
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتییە و 9 کورسیشیان کۆتایە.