داوا دەکرێت رێککەوتنەکەی عێراق لەگەڵ تورکیا لەسەر دۆسیەی ئاو ببرێتە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیێنێت، هەر رێککەوتنێک لەبارەی ئاوەوە لەگەڵ تورکیا دەبێت بە رێڕەوی یاسایی خۆیدا تێپەڕێت و لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆکردنی رێککەوتنێکی "مێژوویی" لەگەڵ ئەنقەرە راگەیاند.
 
فراکسیۆنی سادقون رۆژی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پێویستە رێککەوتنەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی گفتوگۆی ورد لەسەر هەموو بڕگەکانی بکرێت و رێکارە یاساییەکان بگیرێنەبەر پێش پەسندکردنی، چونکە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و عێراق بۆ چەندین ساڵ پێوەی پابەند دەبێت". 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە کە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا یەکەمە، بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئاو، سازش لەسەر مافە ئاوییەکانمان ناکەین و دەستبەرداری نابین ".
 
زۆزان عەلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و تورکیا ئەوەیە کە تورکیا بۆ ماوەی 5 ساڵ ئاو بۆ عێراق بەردەداتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە." 
 
زۆزان عەلی گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕە ئاوێکی زیادە لە تورکیاوە بەرنەدراوەتەوە "
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە رێککەوتنی "ئاو بەرامبەر بە نەوت" دەکەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی بەندەکانی رێککەوتنەکە نەگەیشتووەتە دەسەڵاتداران و رای گشتیی عێراق، دەبێت رێککەوتنەکە بگاتە پەرلەمان تاوەکو پەسەند بکرێت. "
 
زۆزان عەلی گوتی: "عێراق بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و پێوەری وشکەساڵی گەیشتووەتە ئاستی 3.7، کە ئاستێکی "زۆر مەترسیدارە". هەروەها گوتی، "نزیکەی 70%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، کوالێتییان لەدەستداوە."