گومرگی عێراق لە بەسرە دەستی بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی دەرماندا گرت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، لە بەندەری گۆڕەپانی تەرحيب لە بەسڕە، دەستیان بەسەر کارگەیەکدا گرتووە، کە بۆ دروستکردنی دەرمان بەکاردەهات.
سامر قاسم تائى، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6 ی تشرینی دووەمی 2025,بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە لەلایەن بەشی لێکۆڵینەوە و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بە هاوئاهەنگیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی گومرگ ئەنجامدرا، کارگەکە دەستی بەسەردا گیرا".
سامر قاسم گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە لە درەنگانێکی شەودا وەک هەنگاوێکی پێشوەختە ئەنجامدرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی هێنانی ئەو ماددانەی، کە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستی و گومرگییەکانن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق کارگە دەستبەسەرداگیراوەکە هێڵی بەرهەمهێنان، ئامێری پاکەتکردن و پێچانەوە و کەرەستەی پزیشکیی تێدابووە و بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی هاوردەکردنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
دەستەکە جەختی لەوەش کردەوە، کە "بەرامبەر بە هیچ هەوڵێک بۆ دەستبردن بۆ ئاسایشی دەرمان یان ئابووریی نیشتمانی، نەرمی نانوێنین."