کۆمیسیۆن: ئەم هەفتەیە ئەنجامی هەڵبژاردن رەوانەی دادگەی فیدراڵی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رەوانەی دادگەی فیدراڵی بکرێ بۆ پەسندکردنی.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 6-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سەرجەم تانەکان یەکلایی بکاتەوە و ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بکرێ بە مەبەستی پەسندکردنی.
 
بەگوێرەی دەستووری عێراق، یەکێک لە ئەرکەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 6-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن زیاتر لە 800 تانەی یەکلایی کردووەتەوە و ئەوانەشی ماون، لەم هەفتەیەدا یەکلایی دەکرێنەوە.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 09-11-2025 بە دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو؛ رۆژی 17ـی ئەم مانگەش کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند.