عادل عەبدولمەهدی: شانازی بە پەیوەندیی نێوان ناتۆ و عێراقەوە دەکەین
رووداو - هەولێر
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەنجامدا و رایگەیاند، شانازی بە پەیوەندیی نێوان ناتۆ و عێراقەوە دەکەین.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا عادل عەبدولمەهدی و یەنس ستوڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختیان لە پاراستنی سەروەری عێراق کردووەتەوە.
پێشتر سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانبەخۆداگرتنی هەموولایەک کرد و گوتی "ناتۆ لە عێراق بە ئەرکەکانیەوە پابەندە، بەڵام ئەو ئەرکە بەشێوەیەکی کاتی دەوەستێنرێت".
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە 6-1-2020 هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە عێراق و ناوچەکە روویان لە هەڵکشان کرد، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری دەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشیش مەشق و راهێنانەکانیان بە هێزەکانی عێراق راگرتووە.