عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنی لیژنەی باڵای سەربازی
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی، هەروەها پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو بانکانەش بکرێت کە بەم دواییانە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 6ی شوبات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە. هەردوولا باسیان لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنی سەربازی و سڤیل لە ناوچەکانی عەکاشات و قائیم لە پارێزگای ئەنبار کردووە.
شەوی 2ی شوباتی 2024 لە هێرشێکی ئەمریکا لەو ناوچانە، 17 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
فوئاد حوسێن، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دووپاتیکردووەتەوە، "حکومەتی عێراق ئەم جۆرە هێرشانە رەتدەکاتەوە و پێویستە رابگیرێن، نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی پاکتاوکردنی ململانێی وڵاتە دژبەرەکان."
هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە کە "پێویستە عێراق و ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و دانوستاندن" لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لیژنەی سەربازی دا.
لیژنەکە لەنێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێکهێندراوە و رۆژی 27ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەی کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیوەندییەدا، فوئاد حوسێن باسی لە سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا کرد کە بەم دواییانە بەسەر هەشت بانکی عێراقی سەپاندوویەتی، پێشتریش 14 بانکی دیکە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی روون بکاتەوە، کە ئایا بەهۆی ناڕێکوپێکی ئەو بانکەکانە بووە لە جێبەجێکردنی رێنوێنی و بنەماکانی کاری بانکی، یاخود بە هۆکاری دیکەی سیاسی بووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامە لە پەیوەندی لەسەر ئەو پرسە. فوئاد حوسێن دەڵێت، "ئەو بانکانە رۆڵێکی گرنگ و گەورەیان هەیە لە پارەدارکردنی فۆرمی خۆراک و دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەو خێزانە عێراقییانەی کە داهاتیان سنووردارە."
وەزیری دەرەوەی عێراق بە فەرمی داوای کردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر ئەو بانکانە بکرێن.
هەروەها باسی لەوە کردووە کە عێراق رژدە لەسەر بنیادنانی پەیوەندییەکی هاوبەش و هاوکاریکردنی وڵاتانی دۆست و کاری پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووریی و ئەمنییەکان کە پشتیوانن بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
بەپێی وەزارەتی دەرەوە عێراق بێت، بلینکن سووربوونی لە بەردەوامیی کاری پێکەوەیی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا و پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە بوارە جیاوازەکان راگەیاندووە، "بەتایبەتی لە بواری هاوکاریی ئابووری دا."
هەفتەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێبەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانی تێدایە.
لیستی نوێی بانکە بێبەشکراوەکان لە زیادکردنی دۆلاری بانکی ناوەندیی عێراق کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەکاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو برایان نیڵسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریزم، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.
ئەو هەشت بانکە نوێیەی بۆ لیستی بانکە بێبەشکراوەکان لە دۆلار زیادکراون بریتین لە: بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی ئەل هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانی حامورابی.
گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند "ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سیستمی دارایی عێراق لە خراپ بەکارهێنان. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکە یاساییەکانی عێراق بتوانن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە داراییەکان پەیوەست بن."
لە مانگی 7ـی ساڵی 2023ـوە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێ بەش کرد.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە؛ ئەو بانکانەی بێ بەشدەکرێن لە مامەڵەکردن بە دۆلار، دەتوانن بە دراوی دیکە مامەڵە بکەن.
رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی و حەمەد یاسر موسەوی خاوەنی بانکەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە بە تۆمەتى ئەوەى ئەو بانکە، "چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق" کردووە.
بێبەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار ''بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، سپیکردنەوەی پارە و کاری دیکەی نایاساییە بە دۆلاری ئەمریکی'' و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان، وەک ئێران، سووریا و لوبنان.