ناوی ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵای عێراقی ئاشکرا دەکرێت کە لە هێرشەکەدا کرایە ئامانج و کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

ئۆتۆمبێلێک ئەمشەو لە بەغدا کرایە ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە کەسێکی تێدا بووە، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبییە و لە هێرشەکەدا کوژراوە.
 
هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداو لە بەغداوە گوتی "ئەمشەو (چوارشەممە، 7-2-2024) دەنگی سێ تەقینەوە لە بەغدا بیستران و دەرکەوت ئۆتۆمبێلێکە کراوەتە ئامانج."

 

 
هەروەها ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی "لە هێرشەکەدا بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو سەركردەی حیزبوڵڵای عێراقی کراونەتە ئامانج و کوژراون، کە یەكێکیان ناوی ئەبو باقر ساعدییە و ئەوەی دیکە ئەرکان عەلیاویە."
 
گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە رێگەی چەناڵەکانیانەوە لە تەلەگرام پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵای عێراقی کە کوژراوە، ناوی ئەبو باقر ساعدییە. 

 

 
لەو ڤیدیۆیانەی لەبارەی رووداوەکە بڵاوبوونەتەوە و رووداو پشتڕاستی کردوونەتەوە، یەکێکیان چەند ساتێک دوای بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکەیە، تێیدا ئەو کەسەی ڤیدیۆکە تۆمار دەکات، دەڵێت "مووشەک ئەو ئۆتۆمبێلەیان بەئامانجکردووە، نازانم سەر بە کێیە، بەڵام فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کردوویەتیە ئامانج."

 

 
هەڵکەوت عەزیز، گەیشتە نزیک شوێنی رووداوەکە و دەڵێ "تەقینەوەکە لە ناوچەی مەشتەل بووە، کۆمەڵێک چەکدار لە دەوروبەرمانن و ناهێڵن وێنەبگرین." هەروەها پێش ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە قسەکانی پێ ببڕێت ئاشکرای کرد "ئۆتۆمبێلەکەی کراوەتە ئامانج، لە جۆری تاهۆ بووە."
 
ئەو خەڵک و چەکدار و هێزە ئەمنییانەی لە نزیک شوێنی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکە کۆبوونەتەوە بەگوتەی پەیامنێرەکەی رووداو "هوتاف لەدژی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێنەوە و، هاوار دەکەن 'خوا گەورەترینە و ئەمریکاش گەورەترین شەیتانە'.'' 
 
 
لەبارەی ئەو رووداوەوە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند "دوو بەرپرسی میدیایی لە پێنتاگۆن لە وەڵامی ئێمەدا لەبارەی تەقینەوە لە بەغدا گوتیان؛ ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە باس لە تەقینەوەکانی بەغدا دەکەن، هێشتا شتێک نییە رایبگەیەنین."
 
دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا نازانرێت هێرشەکە لەلایەن کێوە کراوە.
 
 
رۆژی هەینی کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی هەولێر "لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا"، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.   
 
لەو هێرشانەدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراق کوژران و 35 کەسی دیکەش بریندار بوون.