دووبەرپرس لە ئەنبار و نەینەوا: جموجووڵی داعش زیادی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

دوو بەرپرس لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا دەڵێن، جموجووڵی داعش لە سنووری پارێزگاکانیان زیادی کردووە.
 
عیماد مشعەل دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ شەممە، 07-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنبار ناوچەیەکی فراوانە و نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق پێکدەهێنێت. بەم دواییانە جموجووڵی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە سنووری پارێزگاکە زیادی کردووە".
 
قایمقامی قەزای روتبە گوتی، ئەو چەکدارانەی داعش زیاتر خۆیان لە ناوچە دوورە دەست و پەڕگیرەکان حەشاردەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان زیادکردوون.
 
روتبە گەورەترین قەزای پارێزگای ئەنبارە لە رووی رووبەرەوە. بە گوتەی عیماد دلێمی، خەڵکی ئەنبار ئەزموونێکی تاڵی لەگەڵ داعش هەیە و نایانەوێ ئەو ئەزموونە تاڵە دووبارە بێتەوە. 
 
ئێوارەی دوێنێ دوو ئەندامی داعش کە یەکێکیان بەرپرسیارێتی هەبوو، دوای گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە لە سنووری قەزای قائیم-ی ئەنبار خۆیان تەقاندەوە. تورکی مەحلاوی، قائیمقامی قەزای قائیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە گوندی (خەسیم) بوو و هێزێکی تایبەتی ئاسایشی نیشتمانی لە بەغداوە بۆ ئەو مەبەستە چووبوونە ناوچەکە.
 
هاوکات محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی شەممە 7-2-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سنووری نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا کراوەیە و ناوچەیەکی فراوانی بیابانیی هەیە کە چەکدارانی داعش دەتوانن لە نێوانیاندا هاتووچۆ بکەن.
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش دا، جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سنووری حەزەر لە سنووری نەینەوا هەیە و رۆژی هەینی لە بۆردوومانێکدا، مۆڵگەیەکیان کرایە ئامانج کە 5-6 چەکداری تێدابوو و لە ئەنجامدا ئەبو حەجەر عانی، ئەمیری داعش کوژرا.
 
قەزای حەزەر 60 کم دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا. 
 
بە گوتەی محەممەد جاسم کاکەیی، رووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کاریگەرییان لەسەر جموجووڵی داعش لە عێراق هەیە.
 
پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سووریا، رۆژئاوای کوردستان، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر و دهۆک)، کەرکووک، هەروەها پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار هاوسنوورە.