دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک لە عێراق دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ هیچ سەبەتەیەکی خۆراک دابەش نەکراوە. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، لە سبەی یەکشەممەوە دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێریش دەڵێ، بە فەرمی لە بڕیارەکە ئاگادارنەکراونەتەوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 7-2-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سبەی یەکشەممەوە پرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک دەستپێدەکات و پارەوەرگرتنیش لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
دلێر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 7-2-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ هیچ سەبەتەیەکی خۆراک دابەش نەکراوە. لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵین، بەڵام بە فەرمی هیچ بڕیارێکمان بەدەست نەگەیشتووە."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر گوتیشی: "جگە لە رۆنی شل، خۆراکی پێویستمان لە کۆگاکان بۆ دابەشکردن هەیە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراقین بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردن بکەین. ئەمڕۆ شەممە دەوامی فەرمی نییە و چاوەڕێین سبەی یەکشەممە بابەتەکە روون ببێتەوە. هەر کاتێک بڕیارمان بەدەست بگات، دەست رێکارەکان دەکەین"
دلێر عەبدولخالق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە لە عێراق سەرەتا دەبێت بریکارەکان پارەی بەشەخۆراک رادەست بکەن، ئینجا دەتوانن خۆراکەکە وەربگرن و دابەشی بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێ و هاونیشتمانییان لەکاتی وەرگرتنی خۆراکەکەیان پارە بە بریکارەکەی دەدەن.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە بەرامبەر پێدانی هەر سەبەتەیەکی خۆراک بڕی 1,000 دینار لە هاووڵاتیان وەربگرێ، لەو هەزار دینارە تەنیا 50 دینار بۆ بریکارەکانە، ئەوەش ناڕەزایی بریکارەکانی خۆراکی لێکەوتووەتەوە. هەفتەی رابردوو لە بەغدا دژی ئەو بڕیارە گردبوونەوەیان کرد.