ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەدر: ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆنابنەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدریش دەڵێ: "ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبنەوە".
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە."
هەر لەوبارەوە ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی ئاسایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی دووشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێ، تەنیا ئەگەر دۆخێکی نائاسایی هەبێت کۆبوونەوە دەکرێ. ئەمڕۆش هیچ پێشهاتێک نییە بۆ کۆبوونەوە، بۆیە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە."
لەبارەی مالیکییەوە، هیشام روکابی گوتی، "بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق مافێکی رەوای دەستوورییە و ناکرێ بە گوشار و هەڵمەتەکانی شێواندن دەستی بەسەردا بگیرێت."
هیشام روکابی رایگەیاند: "پێویستە پەسندکردن یان رەتکردنەوە لە رێگەی چوارچێوەی سیاسی و دەستوورەوە بێت، نەک بە لۆژیکی ڤیتۆ یان بە ئامانجکردنی کەسی. رێزگرتن لە دیموکراسی بە رێزگرتن لە مافی دەستووری دەستپێدەکات، هەڵوێستەکان هەرچۆنێک بن."
بە گوتەی میساق مەساری، بڕیارە ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی بەربژێرانی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و دوایین پێشهاتەکانی وڵات کۆببێتەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە هێزە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق پێکدێت، کە لە کورد، سوننە، شیعە و کریستیانەکان پێکدێن.
تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون. پارتی، فوئاد حوسێن و یەکێتی، نزار ئامێدیی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.