سەعد مەعن: تاوەکو ئێستا 2250 چەکداری داعش گوازراونەتەوە و سنوورەکان پارێزراون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە رێگەی ئاسمان و وشکانییەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار چەکدار گوازراونەتەوە؛ دووپاتیشی دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی سەرەکین لە سیستمی بەرگریی عێراق.
 
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش بەردەوامە. پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت."
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکدارانەی تاوەکو ئێستا گوازراونەتەوە، سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو دوێنێ ژمارەی ئەو داعشانەی گوازراونەتەوە گەیشتووەتە 2250 کەس.
 
لەبارەی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان و ئەگەری دزەکردنی چەکداران، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دڵنیایی دا و گوتی: "سنوورەکان زۆر بە وردی چاودێری دەکرێن و تاوەکو ئێستا هیچ دزەکردنێک رووی نەداوە. ئۆپەراسیۆنی چاودێریکردن بە هەموو رەهەندەکانییەوە بەردەوامە، هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە و حیساب بۆ هەموو ئەگەرەکان کراوە."
 
سەعد مەعن باسی لە رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە کرد لەو هاوکێشە ئەمنییەدا و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە هێزەکانی پێشمەرگە هێزی عێراقین و بەشێکن لە سیستمی ئەمنی و بەرگریی وڵات، بەردەوامیش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە هاوئاهەنگی و کارکردنی پێکەوەییدان."