دوو سبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقە؛ باسی پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و پرسی لیژنە هەمیشەییەکان یەکلا بکاتەوە. پەرلەمانتارێکی پارتیش رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان بەگوێرەی ژمارەی کورسیی فراکسیۆنەکان دەبێت و دەڵێت: "تائێستا باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە."
بەپێی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 9-2-2026، کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبکات. کارنامەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەم: سوێندی دەستووریی چەند پەرلەمانتارێک. دووەم: دەنگدان بۆ دیاریکردنی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ شەممە 7ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دیاریکردنی لیژنە هەمیشەییەکان و بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانی هەر لایەنێک، ئەندامان و سەرۆکی لیژنەکان دیاری دەکرێن."
سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆمار کە یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ رێککەوتن و باسێکی فەرمی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە."
لیژنەکان چۆن دابەش دەکرێن؟
پەرلەمانی عێراق خاوەنی 25 لیژنەی هەمیشەییە، بۆی هەیە لیژنەیەکی لاوەکی بۆ پرسێکی تایبەت هەبێت.
دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان لەسەر بنەمای "قورسایی فراکسیۆنەکان" و "بەرکەوتەی هەڵبژاردن" دەبێت، هەروەها پسپۆڕیی پەرلەمانتارەکان رەچاو دەکرێت.
بەگوێرەی نەریتی پەیڕەوکراو لە پەرلەمانی عێراق، نابێت سەرۆکایەتیی لیژنەیەک بدرێتە فراکسیۆنێک کە وەزیری پەیوەندیداری هەمان لیژنە لە پشکی ئەو فراکسیۆنە بێت؛ بۆ نموونە: ئەگەر لایەنێک وەزارەتی تەندروستیی بەدەستەوە بێت، نابێت سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی پێبدرێت.