گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سیستمی گومرگی عێراق 2023-2025

گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سیستمی گومرگی عێراق 2023-2025
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا.
 
عێراق خاوەنی 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریاییە.
 
سیستمی ئەلیکترۆنی ئەسیکۆدا، لە یەکە گومرگییەکانی هەر چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف) جێبەجێ دەکرێت.
 
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن.
 
ئۆکتۆبەری 2023
 
عێراق بە فەرمی کارکردنی بە سیستمی (ASYCUDAWorld) راگەیاند، بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی رێکارە گومرگییەکان.
 
28ی 3ی 2024
 
یەکەم باری بازرگانی ترانزێت بەپێی سیستمی ئەسیکۆدا لە ناوەندی گومرگیی گۆڕەپانی "تەرحیب کوبرا" لە بەندەری ئوم قەسر بەڕێکرا.
 
ساڵی 2024 (پێناسەی نوێی گومرگی)
 
لەو ساڵەدا پێکهاتەی پێناسەی گومرگی بەپێی جۆری کاڵاکان بەم شێوەیە دیاریکرا:
 
ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان: باجی (نزیکەی 1٪).
کاڵا گشتییەکان و کەرەستەی بیناسازی: باجی 5٪.
کاڵا تایبەتەکان، دەرمان و ئامێرەکان: باجی 15٪ و زیاتر.
ئۆتۆمبێل: نرخە خەمڵێنراوەکانیان نوێکرانەوە تا لە نرخی راستەقینەی بازاڕ نزیک ببنەوە.
 
کانوونی دووەم بۆ ئایاری 2025
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا وەک یەکەم شوێن کە سیستمەکەی تێدا جێبەجێ کرا، گەشەکردنێکی بەرچاوی لە داهاتی گومرگیدا بەدەستهێنا، کە رێژەی زیادبوونەکە گەیشتە زیاتر لە 215٪ بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
 
1ی حوزەیرانی 2025
 
بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە؛ گۆڕانکاری لە نرخی گومرگی کاڵا هاوردەکراوەکان کرا و نرخی زۆربەیان زیادکرا.
 
10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 (ئاماری دارایی)
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، داهاتی نانەوتی گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی و داهات لە 10 مانگی سەرەتای 2025، بڕی داهاتی نانەوتی 10.3 تریلیۆن دینار بوو، کە تەنیا 10%ی داهاتی گشتی بوو.
 
25ی تشرینی دووەمی 2025
 
دەستەی گشتی گومرگ دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ڕێکارێکی نوێ کە کۆمپانیاکان ناچار دەکات "گومرگی پێشوەخت" بدەن. ئەم بڕیارە کێشەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کرد، چونکە نەیاندەتوانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی بکڕن.
 
رێژەی باجی 2026 
 
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، پێناسی نوێی گومرگ لە نێوان 5% بۆ 30% دەبێت و بڕی پارەی گومرگی هەندێک لە کاڵاکان زیاد کراوە، لەپێناو زیادبوونی داهاتی نانەوتی.
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، داهاتەکانیان لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 زیاتر بووە لە 137 ملیار دینار، پێشبینیش دەکەن لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتریش بێت.