وەزیری دەرەوەی عێراق: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسمان لە پەناخوازانی عێراقی کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەکات کە دانی بە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییدا نا و راشیگەیاند، چەکی میلانی ئەڵمانی رۆڵێکی گرنگی لە تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش هەبوو.
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 07-03-2023، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. دوای کۆبوونەوەی نێوان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان رێکخست.
فوئاد حوسێن، وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و ستایش و جەختکردنەوە لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەرلین رایگەیاند: "چەکی میلانی ئەڵمانی رۆڵێکی گرنگی لە تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش هەبوو، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی لە رێگەی تانکەوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەکران. ئەمە سەرکەوتن بوو بۆ عێراق؛ سەرکەوتن بوو بۆ هەموو ئەو گەلانەی بەشداربوون لەو شەڕەدا. سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکان بەهۆی شەڕی داعشەوە، بەتایبەتی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا بەشێوەیەکی گشتی."
رۆژی 19-01-2023، دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا. وەزیری دەرەوەی عێراق لەو بارەوە گوتی: "سوپاسی پەرلەمانی فیدراڵی لە بەرلین دەکەین لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە گرنگەی کە دانی نا بەو ستەمەدا لە پێکهاتەی ئێزدی کرا و دانی بەوەدا نا کە ئەو پێشلکارییانەی بەرامبەر ئەو پێکهاتەیە کران، دەچنە خانەی کۆمەڵکوژییەوە."