پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکەی عێراق ئازادکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، هادی سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە دوو رۆژ لەمەوبەر دەستگیرکرابوو، ئازادکرا.
 
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، بە بڕیاری تەمیزی، هادی سەلامی ئازاد کرد.
 
مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لەگەڵ هادی سەلامی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هادی سەلامی ئازاد کراوە".
 
دادگەی کەتنی کەرخ تایبەت بە دۆسیەی دەستپاکی، رۆژی 5ی ئاداری 2024 لەسەر سکاڵای وەزارەتی بازرگانی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، سزای شەش مانگ زیندانی و پێبژاردنی یەک ملیۆن دیناری بۆ هادی حەسەن سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرکرد و خرایە زیندانەوە.
 
لەوبارەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "هادی سەلامی نووسراوی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ناوزڕاندن، بێ رێزیکردن بە وەزارەتی بازرگانی و شێواندنی رای گشتی ساختە کردووە و لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکراوەتەوە".
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتیشی، هادی سەلامی سەرپێچی لە ئەرک و پیشەکەی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەت لە مافی خۆی خۆش نابێت و داوای قەرەبوو دەکات.
 
دوای بڕیارەکەی دادگە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق، نووسراوی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد کە تێیدا هاتووە، نابێت پەرلەمانتار دەستگیربکرێت و ئەگەریش بە ئەنجامدانی تاوانێک تۆمەتبار بێت، پێویستە بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمانتاران، پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت.
 
هەمان رۆژ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، پەرلەمانتار تەنیا لەکاتێکدا پارێزبەندی هەیە کە بە تاوانێک تۆمەتبار کرابێت، بەڵام کەتن و سەرپێچی دیکە پێویست بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ناکات، ئەوە بنەمایەکە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەوە داوە بە ژمارە 90/فیدراڵی/2019 لە 28-04-2021دا.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانتار لە دوو دۆخدا پێویستی بەوە نییە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت. یەکەم، تاوانێکی بە بەرچاوی خەڵکەوە کردبێت. دووەم، لە کاتی تاوانەکە دەستگیر بکرێت.
 
 موسەننا ئەمین گوتیشی، ئەگەر پەرلەمانتارەکە بەپێی خۆی چووە دادگە، کەواتە پارێزبەندییەکەی لەسەر خۆی هەڵگرتووە.