قاسم ئەعرەجی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا: رێگە نادەین هیچ مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان دروستبێت

رووداو دیجیتاڵ

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کۆبوونەوە. ئەعرەجی رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی باڵیۆزخانەکان و رێگە نادات هیچ مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان دروستبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا کرد و لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی گوشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ، گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، بەردەوامیی هاوئاهەنگی و راوێژی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسە جێ بایەخەکان کرایەوە.
 
قاسم ئەعرەجی،گوتی : "حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق. رێگە نادەین دەستکاری ئاسایشی نێردە بیانی و عەرەبییەکان لەنێو خاکەکەمان بکرێ."
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە بەردەوامیی هاریکارییەکانی نێوان بەغدا و پاریس کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
 
ئەمە لەکاتێکدایە باڵیۆزی بەشێک لە وڵاتان لەنێو عێراق، هۆشداری بۆ هاوڵاتییانی خۆیان و باڵیۆزخانەکانیان دەنێرن زوو ناوچەکە جێبهێڵن.