دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ رووداو: دەروازە وشکانییەکان کراوەن و جووڵەی بازرگانی بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێ، دەروازە وشکانییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دروسێ کراوەن و جووڵەی بازرگانی بەردەوامە.
عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی عێراق کراوەن. جووڵەی بازرگانی ئاساییە و هێنانی کاڵا لە دەروازەکانەوە بەردەوامە".
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "تەنیا دەروازە ئاسمانییەکان داخراون، ئەویش بەهۆی داخستنی تەواوی ئاسمانی عێراقەوەیە بەهۆی شەڕەوە".
لە هەرێمی کوردستان و عێراق فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، نەجەف، بەسرە و موسڵ هەن.
هەر لەوبارەوە فەریق عومەر وائیلی، ئەمڕۆ شەممە 7ی ئایاری 2026 بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: "تەواوی ستافی دەستەی دەروازەکان لە ئێستا لە بەندەرە دەریایییەکان ئامادەن و دەستیان کردووە بە هێنانەناوەوەی هەموو ئەو کۆنتێنەرانەی کە رێکارە یاسایییەکانیان تەواوکردووە."
وائیلی گوتی، دەروازە وشکانییەکانی وەک ترێبیل، عەرعەر، سەفوان و قائیم وەک جێگرەوەی ئامادە دەمێننەوە، ئەگەر هەر دەروازەیەکی دەریایی لەکاربکەوێ.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی 4ـی ئاداری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتەکەمان بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێری جووڵەی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی (ئوم قەسر و فاو) دەکات و هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ زامنکردنی گەیشتنی کاڵا سەرەکییەکان بۆ بازاڕەکانی وڵات."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاودێری رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بەتایبەت گەرووی هورمز کە رۆڵێکی سەرەکی لە زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکاندا هەیە.
سەبارەت بە بڕی بەردەستبوونی خۆراک، محەممەد حەنوون گوتی: "بڕێکی زۆر و پێویست لە مادە بنەڕەتییەکانی وەک (گەنم، شەکر، برنج، رۆن و مادەکانی دیکە) لە کۆگاکانماندا هەیە، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ بەردەوامیی پرۆسەی کڕین و هێنانی کاڵاکان و نوێکردنەوەی داتاکانی کۆگا، تاوەکو رووبەڕووی هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ ببینەوە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بگرین."