تۆڕێکى نێودەوڵەتى مادەى هۆشبەر دەستگیرکران، چالاکییەکانیان گەیشتووەتە هەرێمى کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕێکى 7 کەسى نێودەوڵەتیى بازرگانیی ماددەى هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکران کە بە گوێرەى بەڕێوەبەرایەتیى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان، چالاکییەکانیان گەیشتووەتە لە سلێمانى و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانیش.
دەستگیرکردنى ئەندامانى ئەو تۆڕە بە گوێرەى راگەیێندراوێک بوو، کە رۆژی دووشەممە 7ى نیسانى 2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانى عێراقەوە بڵاوکرایەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەندامانى ئەو تۆڕە حەوت بازرگان بوون، بە فەرمانى دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافەى بەغدا دەستگیرکراون و چالاکیەکانیان لە بەغدا، سەلاحەدین، کەرکووک، نەینەوا، سلێمانى و هەولێر بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە، ئەو تۆڕە 90 هەزار دەنک حەبى هۆشبەرى کێپتاگۆن و ئامێرى تایبەتیان پێگیراوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ ئامادەکردنى کەرەستەى سەرەتایی دروستکردنى مادەى هۆشبەرى کریستاڵ.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا دەست بەسەر نزیکەی دوو تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە. هەروەها نزیکەی دوو هەزار تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بەو مادانە دەستگیرکراون.