فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی: لە ئەنبار زیاتر لە حەوت جار بۆردوومان کراوین

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیاتر لە حەوت جار بۆردوومان کراون، بەڵام هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا، تەنیا شەوی رابردوو و ئەمڕۆ پتر لە حەوت جار هێرش کراوەتە سەر پێگەکانیان.
 
قاسم موسڵح لەبارەی قەبارەی زیانەکانەوە گوتی: "هێرشەکان بەشەکانی پەیوەندی، ئامێرەکان و چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و لیوای 13ی تەفوف-یان کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانماندا تۆمار نەکراوە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بە (رووداو)ی راگەیاندبوو: "سێ جار بارەگا و پێگەکانی لیوای 13ی حەشدی شەعبی لە نزیک بازگەی شەهید حەیدەر لە ناوچەکانی سەعدە و کەرابلە لە قەزای قائیم بۆردوومان کراون."
 
لیوای 13ی حەشدی شەعبی کە بە (لیوای تەفوف) دەناسرێت، لەلایەن قاسم موسڵح-ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و یەکێکە لەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا جێگیر کراون و بە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی حەشد لەو ناوچەیە دادەنرێت.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، لە 28ی شوباتەوە، زیاتر لە 90 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی حەشد و 24 لیوای جیاواز لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.
 
زۆرترین ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە 37 رۆژی رابردوودا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە بۆردوومان کراون، لیواکانی سەر بە "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" بوون کە نۆ جار هێرشیان کراوەتە سەر؛ حەوت هێرشیان بۆ سەر لیوای 45 و دوو هێرشیشیان بۆ سەر لیوای 47 بووە لە رۆژئاوای ئەنبار.