ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی لە بەغدا رفێندرابوو ئازاد دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، بڕیاری ئازادکردنی رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکەی راگەیاند، چەند رۆژێک پێش لە بەغدا رفێندرابوو. بەرپرسەکەی حیزبوڵڵا دەڵێت، بڕیارەکە وەک "رێزێک بووە بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیران"، بەڵام دەبێت دەستبەجێ عێراق جێبهێڵێت.
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی نیسانی 2026 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ویلایەتەکەی تەواوبووە، بڕیارماندا بە ئازادکردنی 'شێلی کیتلسن' تۆمەتباری ئەمریکایی ."
لە راگەیێندراوەکەدا مەرجێک بۆ ئازادکردنی ئەو ژنە ئەمریکییە دانراوە و دەڵێت، "دەبێت دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵێت."
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دەسپێشخەرییە لە داهاتوودا دووبارە نابێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە لە دۆخی جەنگداین کە لەلایەن دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی دژی ئیسلام راگەیێندراوە، لە دۆخێکی وەهاشدا زۆر شت لەبەرچاو ناگیرێن."
ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ، لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا.
هەمان رۆژ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی، دەستیان بە راوەدوونانی رفێنەرەکان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی راوەدوونانەکەدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکان گەمارۆ بدەن، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە. هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە، کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتووە.
شێلی کیتلسن کێیە؟
شێلی کیتلسن (Shelly Kittleson) رۆژنامەڤانێکی بەنێوبانگی ئەمریکییە کە چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان کار دەکات. ئەو یەکێکە لەو رۆژنامەڤانە بیانییانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێو جەرگەی رووداوەکان و لەناو شاری بەغدا نیشتەجێ بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیە.
شێلی بەوە ناسراوە، کە زۆر بە وردی راپۆرت لەسەر گرووپە چەکدارەکان، ململانێی هێزە ناوخۆییەکان، شەڕی دژ بە داعش و کاریگەرییە ناوچەییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئامادە کردووە. ئەو تەنیا لە دوورەوە سەیری رووداوەکان ناکات، بەڵکو زۆربەی جار سەردانی بەرەکانی جەنگ و ناوچە مەترسیدارەکانی کردووە.
ئەو وەک رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ (Freelance)، کارەکانی لە گرنگترین دەزگا میدیاییەکانی جیهان بڵاودەبنەوە، لەوانە: ئەلمۆنیتەر، فۆرن پۆلیسی، بی بی سی، پۆلیتیکۆ ونیولاینس مەگەزین
شارەزایی لە دۆخی کوردستان و ناوچەکە
شێلی کیتلسن لە ساڵی 2012وە بە شێوەیەکی چڕ رووماڵی رووداوەکانی عێراق دەکات. لە کاتی شەڕی دژ بە داعش (2014-2017)، یەکێک بوو لەو رۆژنامەڤانە دەگمەنانەی کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەچووە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە موسڵ، فەللوجە، ئەنبار و شنگال.
کیتلسن راپۆرتی زۆر کاریگەری لەسەر کوردانی ئێزدی، کاکەیی و کریستیانەکان ئامادە کردووە، بەتایبەتی دوای کارەساتەکانی سەرلەهەڵدانی داعش. هەروەها چەندین جار سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و راپۆرتی لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دۆخی کەمپەکانی وەک "هۆل" ئامادە کردووە. هەروەها راپۆرتی کردووە لەبارەی دۆخی باشووری کوردستان و بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە.
ئەم رۆژنامەڤانە پێشتر ماوەیەکی زۆر لە ئیتاڵیا ژیاوە و جگە لە ئینگلیزی، بە تەواوی شارەزای زمانەکانی ئیتالی و عەرەبییە، ئەمەش وای لێکردبوو بە تەنیا لە بەغدا و ناوچە جیاوازەکان بسوڕێتەوە و راپۆرتەکانی ئامادە بکات. بەهۆی ئازایەتییەکەی لە رووماڵکردنی ناوچە گەرمەکانی شەڕدا، چەندین جار خەڵاتی نێودەوڵەتی پێدراوە.