بەرپرسێکى بەدر: پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمان هەموار ناکەینەوە و دەنگ بە مەشهەدانى دەدەین

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیاریداوە رێگرى لە هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق بکات، بەوەش دەرفەتى ئەوە نامێنێت پەرلەمانتارێکى دیکە خۆى بۆ پۆستى سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکات. 
 
بەرپرسێى یەکێک لە پێکهێنەرانى ئەو هاوپەیمانێتیە دەڵێت، بڕیاریانداوە دەنگ بە مەحموود مەشهەدانى بدەن.
 
زیاتر لە پێنج مانگە پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق چۆڵە، رکابەریی نێوان لایەنە سوننەکان لەسەر ئەو پۆستە وایکردووە پرسەکە بەهەڵواسراوى بمێنێتەوە.  
 
محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیاریداوە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان هەموار نەکرێتەوە، بۆ ئەوەى ئەو پرسە زوو یەکلا بکرێتەوە لە نێوان ئەو دوو بەربژێرەى کە لە رکابەرییەکەدا ماون، بەبێ ئەوەى بەربژێرى نوێ هەبێت."
 
لە کۆبوونەوەى 14ى کانوونى دووەمی پەرلەمانى عێراق نەتواندرا لە نێوان شەعلان کریم، سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى بە دەنگدان یەکێکیان بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە و دانیشتنەکە بە هەڵواسراوى مایەوە.
 
شەعلان کرەیم بەربژێرى پارتى تەقەدووم لە 17ى نیسان لە رکابەرییەکە کشایەوە، سوننەکان پێشنیازێکیان پێشکێشکرد بۆ ئەوەى مادەیەکى پەیڕەوى ناوخۆ هەمواربکرێتەوە و لەو رێگەیەوە بتواندرێت کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە لە پارتى تەقەدووم خۆى بەربژێر بکات.
 
محەممەد بەیاتى دەڵێت: "هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى پاڵپشتى مەحموود مەشهەدانى دەکات بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و دەنگى پێدەدات".
 
مەحموود مەشهەدانى بەربژێرى پارتى عەزمە، کە نزیکە لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى. سالم عیساوى، بەربژێرى پارتى سەروەرییە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی 6ـی ئادار کۆبووەوە و یەک هەفتەى دایە فراکسیۆنە سوننەکان بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، کە پشکى ئەو پێکهاتەیەیە. 
 
74 پەرلەمانتارى عێراق لە 27ى ئادارەوە داواکارییەکیان پێشکێش بە موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیی پەرلەمان کردووە بۆ هەموارکردنەوەى بڕگەیەکى مادەى 12ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان. هەموارەکە پێویستى بە دەنگى نیوە کۆ یەکى ئامادەبووانى کۆبوونەوەى پەرلەمانە و شیعەکان زۆرینەى پێکدەهێنن.
 
هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە و حەسمی نیشتمانی، رۆژی 6ـی ئایار راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن وەک وەڵامدانەوەی داواکاریی زیاتر لە 150 پەرلەمانتار، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن "بەپەلە و لە نزیکترین کات"دا دانیشتنی پەرلەمان رێکبخەن" بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک. 
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.