وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ کارمەندەکانی: نابێت جلی نەشیاو بپۆشن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کارمەندەکانی ئاگادار دەکاتەوە کە لە کاتی دەوامدا "جلوبەرگی نەشیاو" نەپۆشن. هەروەها داوا لە کارمەندە نێرەکانی دەکات قژیان بە شێوەیەک نەتاشن، کە گونجاو نەبێت لەگەڵ فەرمانگەیەکی حکومی و فەرمیی وەکو وەزارەتەکەیان.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی کارەبا فەرمانگەیەکی حکومیی فەرمییە و رۆژانە سەتان هاووڵاتی سەردانی دەکەن، لەبەر ئەم هۆیە وەزارەتەکەمان داوای لە فەرمانبەرانی لە رەگەزی نێر و مێ کردووە، پابەندبن بە ئادابی گشتی لە هەڵبژاردنی جلوبەرگەکانیان و پۆشینی جلێک کە لەگەڵ دامەزراوەیەکی فەرمی و گرنگی وەکو وەزارەتی کارەبادا بگونجێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق  پێیوایە لەبەر ئەوەی کارمەندانی وەزارەت مامەڵە لەگەڵ شاندی فەرمیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بۆیە وا دەخوازێت جلوبەرگیان گونجاو بێت و پیشەییانە دەربکەون.
 
ئەحمەد موسا ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لەو دیاردانەی لەلایەن کارمەندانی وەزارەتەکە باوبووە، پۆشینی ئەو جلوبەرگانە بووە، کە ئاڵای وڵاتان یان نووسینی بیانییان لەسەر بووە. هەروەها دەڵێت، وەزارەت تێبینیی هەبووە سەبارەت بە شێوازی داهێنان و بڕینی قژی هەندێک لە کارمەندانی وەزارەت لە رەگەزی نێر.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رەتیکردەوە ئامانج لەو بڕیارە یەکپۆشی بێت لەنێو فەرمانبەرانی رەگەزی مێی وەزارەت و گوتی، "فەرمانبەرە ژنەکانی وەزارەت لەکاتی دەوامی فەرمیدا ئازادیی رەهایان هەیە لە پۆشین یان نەپۆشینی باڵاپۆشی. وەزارەت دەستوەردان لەم جۆرە کارە کەسییانە ناکات."
 
رۆژی 30ی نیسان وەزارەتی کارەبا بە نووسراوێکی فەرمی، داوای کردووە هەموو کارمەندانی وەزارەت لە رەگەزی نێر و مێ دەبێت پابەندبن بە پۆشینی جلوبەرگێک کە لەگەڵ ئادابی گشتی بگونجێت و شیاو بێت لەگەڵ رێسا پیشەییەکان و بەرپرسیارێتی کارمەند، کە ببێتە هۆی پێدانی روویەکی شارستانیی پۆزەتیڤ بە دەزگاکە.
 
لە ساڵانی رابردووش لەم جۆرە رێنوێنییانە بڵاوبوونەتەوە لە وەزارەتەکانی عێراق بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانیان، بەتایبەتی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە هەمیشە رێنوێنیی تووندی هەبووە بۆ مامۆستاکان و وانەبێژەکانی لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ.