پەرلەمانتارە ئامادەنەبووەکانی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان 'دوو ملیۆن دینار' مووچەبڕ دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

190 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق نەبوون؛ سەرۆکایەتیی پەرلەمان مووچەبڕیان دەکات و ناویشیان بڵاودەکاتەوە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ھەر پەرلەمانتارێک بێ ھۆکار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبێت، دوو ملیۆن دینار مووچەبڕ دەکرێت.
 
ئێوارەی سێشەممە 6ی ئایاری 2025 موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ھەردوو فەرمانگەی میدیایی و پەرلەمانیی پەرلەمانی عێراقی راسپارد، ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بڵاوبکەنەوە، کە ئامادەی دانیشتنی رۆژی سێشەممە نەبوون و مووچەبڕیش بکرێن.
 
مووچەی پەرلەمانتاران بەگشتی لەنێوان 7 بۆ 8 ملیۆن دینارە و بەگوێرەی بڕوانامەکەیان دەگۆڕێت.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئامادەی دانیشتنەکە بوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێکاری تووند و پێویستی نەگرتووەتەبەر، ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانیش بە ئەنقەست ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نابن بۆ ئەوەی پەکی بخەن.
 
بەگوێرەی مادەی 18ی بڕگەی سێ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پەرلەمانتار بێ ھۆکار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوو، بڕە پارەیەکی لێ دەبڕێت، کە پەرلەمان بڕەکەی دیاری دەکات.
 
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، پێشتر ھەر پەرلەمانتارێک بێ ھۆ ئامادەی دانیشتن نەبووایە، سزاکەی یەک ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەم دواییانە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا بکرێتە دوو ملیۆن دینار و لە پەرلەمان پەسند کرا.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، بەھۆی ئامادەنەبوونی رێژەیی یاسایی، بە ناچاری دانیشتنی دوێنێ سێشەممەی دواخست، دووشەممەش بەھەمان ھۆکار دانیشتنی پەرلەمان نەکرا.
 
بەگوێرەی ئەو لیستەی کە ئێوارەی دوێنێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە، لە دانیشتنی دوێنێدا لە 329 پەرلەمانتار تەنیا 139 پەرلەمانتار ئامادەبوون، واتە رێژەی یاسایی تەواو نەکراوە.
 
لێرە کلیک بکە بۆ بینینی لیستی ئامادەبووان
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە ئامادەی دانیشتنەکە بوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ناکرێت بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری کە پەرلەمانە بەم شێوەیە پەک بخرێت.
 
پێیوایە ئەگەر پێشتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێکاری تووندی بگرتایەتەبەر، ئێستا دانیشتنی پەرلەمان بەم شێوەیەی بەسەر نەدەھات.