قەرەباڵخییەکی زۆر لە خاڵی پشکنینی بەنداوی موسڵ دروستبووە و هەزاران بارهەڵگر چاوەڕێی رێگەپێدانن
رووداو دیجیتاڵ
بەدرێژایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر بە سێ و چوار سایدی جیاواز، لە خاڵی پشکنینی بەنداوی موسڵ هەزاران بارهەڵگر چاوەڕێی رێگەپێدان دەکەن. شۆفێران دەڵێن زیاتر لە 24 کاژێرە گەیشتوونەتە ئەو خاڵە و لە دوێنێوە تەنیا 100 مەتر چوونەتە پێش.
عەزیز ئەحمەد، یەکێک لە شۆفێرەکان بە رووداوی گوت، "دەگوترێت رێگە کراوەتەوە، بەڵام ئێمە هیچمان نەبینیوە. دوێنێ شەو هەندێک بارهەڵگر چوونە ژوورەوە، بەڵام لە بەیانییەوە جموجووڵ راوەستاوە. هەندێک لە هاوڕێکانم کە دوێنێ شەو چوونە ژوورەوە، دەڵێن 12 کاژێری پێچووە تاوەکو گەیشتوونەتە بازگەی پێشمەرگە لەلای بەنداوەکە".
لە سەرەتای ئەم مانگە، هەولێر و بەغدا رێککەوتن لە ماوەی چوار رۆژدا ئەو کەلوپەلانەی لە 15ی مانگی رابردووەوە لە کۆگەکاندا مابوونەوە، رەوانەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بکرێن. دوای رێککەوتنەکە، بازرگانان دەستیان بە ناردنی کەلوپەل کرد، بەڵام بەهۆی سستیی لە راییکردنی مامەڵەکان، هەزاران بارهەڵگر لە ریزدا ماونەتەوە.
موسەننا جحێشی، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: "نزیکەی 200 بارهەڵگر دەچنە ناو گۆڕەپانێکەوە کە تەنیا دوو کارمەندی لێیە. بۆ هەر 100 شۆفێرێک، دەبێت بچنە لای یەک کارمەند بۆ واژۆکردن. یەک کارمەند چۆن دەتوانێت کاری 100 بارهەڵگر رایی بکات؟ لەم بازگەیەدا کارمەندی پێویست نییە."
ژووری بازرگانیی دهۆک پەیوەندیی بە بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا و بەغداوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
هەڤاڵ محەممەد قاسم، ئەندامی ژووری بازرگانیی دهۆک بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکەین نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار ئۆتۆمبێل بکەونە ئەم نۆرەیەوە، پشکنین بۆ مەنەفێست و مێژووی هاتنەژوورەوەیان دەکرێت و دواتر دەچنە ژێر ئامێری سۆنەر. کارمەندانیشیان کەمن، هەر بۆیە کارەکان دوادەکەون. باوەڕ ناکەم لە ماوەی چوار رۆژدا ئەم هەموو کەلوپەلە دەرباز ببن، پێویستە ئەم ماوەیە درێژبکرێتەوە."
لە 11ی ئاداری ئەم ساڵ، حکومەتی عێراق داوای کیو ئاڕ کۆد (QR Code)ی لە بازرگانان کردووە و رایگەیاندووە پێویستە لە ماوەی 72 کاژێردا کەلوپەلەکانیان بگەیێننە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەمەش بارگرانییەکی دیکەی خستووەتە سەر پرۆسەکە.