وەزیرى تەندروستیى لیبیا لەسەر هاوردەکردنى دەرمان لە عێراقەوە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
داواکارى گشتیی لیبیا بڕیاریدا وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتە و چوار کەسى دیکە دەستبەسەربکات، ئەوەش بە هۆى هاوردەکردنى دەرمانى شێرپەنجە لە عێراقەوە.
چوارشەممە 7ى ئایارى 2025، نووسینگەى داواکارى گشتیی لیبیا لە راگەیێندراوێکدا فەرمانى دەستبەسەرکردنى رەمەزان ئەبوجەناح، وەزیرى تەندروستیی حکومەتى ئەو وڵاتە و چوار بەرپرسی دیکەى دەرکرد، لەوانە بەڕێوەبەرى کارگێڕى دەرمانخانەکان و رێگەپێدراوى کۆمپانیاى هاوردەکردنى دەرمان.
ئەو رێکارە دواى ئەوە هات کە 27ـی نیسانى 2025، وەزارەتى تەندروستیى عێراق هەناردەکردنى جۆرێک دەرمانى شێرپەنجەى دروستکراوى عێراقى بۆ لیبیا راگەیاند کە "یەکەمجار" بوو هەناردە بکرێت.
دوو رۆژ دواتر عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکى حکومەتى یەکێتیى نیشتمانیى لیبیا وەزیرى تەندروستى لەسەرکار لادا و پێنج بەرپرسى دیکەى کەرتى تەندروستى وڵاتەکەى دایە لیژنەى لێکۆڵینەوە.
داواکاریى گشتى لیبیا رایگەیاند: "فەرمانى دەستبەسەرکردنى ئەو کەسانە بەهۆى هاوردەکردنى دەرمانەوە بووە لە یەکێک لە کارگەکانى عێراق و سەلمێندراوە کە ئەو بەرپرسانە سەرپێچى رێکارەکانیان بۆ کڕینى دەرمان لە رووى تەندروستى، دارایی و یاساییەوە کردووە".
ئەو رێوشوێنانە دژى وەزیرى تەندروستى و بەرپرسانى دیکەى وەزارەتەکەى بەهۆى ئەوە بوو، لە هاودەکردنى ئەو دەرمانانە لە عێراقەوە سەرپێچییان کردووە لە بنەماکانى تایبەتمەندى دەستەى نیشتمانی بنبڕکردنى شێرپەنجە بۆ هاوردەکردنى دەرمان کە دەبێت بە هەڵسەنگاندنى ئەو دەستەیەدا تێپەڕ بێت.
داواکارى گشتى لیبیا دەڵێت: "دەستبەسەرکردنى وەزیرى تەندروستى و چوار بەرپرسەکەى دیکە بۆ ئەوەیە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت".
29ـی نیسان، وەزیری تەندروستیی لەسەرکارلادراوى لیبیا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هاوردەکردنى ئەو دەرمانە لە عێراقەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە کارگەى دروستکەرى دەرمانەکە لە وەزارەتى تەندروستیی عێراق تۆمارکراوە، رەزامەندى هەناردەکردنى دەرمانەکەشى وەرگرتووە و کواڵیتى گونجاو بووە، بەڵام د. حەیدەر سائیح، سەرۆکى دەستەى نیشتمانى بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجە لەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە سەرۆکوەزیرانەوە فەرمانمان پێدراوە کە دەرمانى شێرپەنجە لە وڵاتانى ئاسیا و عەرەبی هاوردە نەکەین و پێویستە هەموو هاوردەکردنێکى ئەو جۆرە دەرمانە لە رێگەى دەستەکەمانەوە بێت".