عێراق و ئازەربایجان تاوتوێى کردنەوەى کۆنسووڵخانە و دەستپێکردنەوەى گەشتى ئاسمانى بۆ هەولێر دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانى دەرەوەى عێراق و ئازەرباریجان تاوتوێى دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان و کردنەوەى کۆنسووڵخانەى ئەو وڵاتە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن؛ هەردوولا باس لە دۆسیەى هاوردەکردنى گاز و دۆخى ئەو ژنە ئازەربایجانییانەش دەکەن لەگرتووخانەکانى عێراقدان. 
 
رۆژی چوارشەممە 7ى ئایارى 2025، جیهون بایرامۆڤ، وەزیرى دەرەوەى ئازەربایجان سەردانى عێراقى کرد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە کۆبووەوە.
  
فوئاد حوسێن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "وەزیرى دەرەوەى ئازەربایجان باسى لە گرنگى کردنەوەى کۆنسووڵخانەکەیان لە هەولێر کرد و لە قۆناخەکانى داهاتوودا ئەو پرسە دەخرێتەڕوو". 
 
فوئاد حوسێن گوتى: "پێشتر گەشتى فڕۆکەوانى چڕ لە باکووە بۆ هەولێر و بەغدا و نەجەف هەبوو؛ پێشنیازمان کرد ئەو گەشتانە دەستپێبکەنەوە".
 
سەردانەکە لەکاتێکدایە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان بەغدا و باکو بۆ هاوردەکردنى گاز هەیە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناخى رێککەوتنى کۆتایی.  
  
فوئاد حوسێن گوتى :" باسمان لەو کێشانە کرد ئێستا رووبەڕوومان دەبنەوە لەبارەى هاوردەکردنى گاز لە ئازەربایجانەوە؛ هەروەها باسمان لە فرەییکردنى رێگەکانى هاوردەکردنى گاز کرد؛ باسمان لە هاریکاریکردن لەم بوارەدا کرد؛ دەتوانین سوود لە کۆمپانیاکانى ئازەربایجان لە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بکەین؛ رێککەوتین لەسەر ئەوەى کۆبوونەوەیەک لە نوێنەرانى کۆمپانیا حکومى و ئەهلییەکانى هەردوولا بکرێت".
 
عێراق دەیەوێت لە رێگەى گرێبەستێکەوە رۆژانە 25 ملیۆن پێ سێجا گاز لە تورکمەنستانەوە بە خاکى ئێراندا هاوردە بکات بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا. 
 
وەزیرى دەرەوەى عێراق گوتى: "چەند ژنێکى ئازەربایجانى لە گرتووخانەکانى عێراقن کە بەشێک بوون لە رێکخراوى داعش؛ باسمان لە دۆخیان کرد لەگەڵ چۆنێتى گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان".