عەجاج لە دادگای رەسافە دادگایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگاییکردنی عەجاج (جەلادەکەی نوگرە سەلمان) لە بەغدا دەستیپێکرد.
دەیان کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، کەسوکاری زیندانییان و شایەتحاڵان لەبەردەم دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە ئامادەن و چاوەڕێ دەکەن بە سزای خۆی بگات.
221 کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، دیالە و سەلاحەدین بانگهێشتکراون لە رۆژی دادگاییکردنەکە دا ئامادەبن.
ساڵی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێنرا کە بە جەلادی ئەنفالکراوان ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان، لەو کاتەی کە بەرپرسی گرتووخانەکە بووە.
شەوی چوارشەممە، 06-05-2026، دەیان شایەتحاڵ لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو بە چاوی پڕ گریانەوە چیرۆکی ئەشکەنجەدان و شەهیدبوونی کەسوکارەکانیان باس کرد.
ئامینە عەلی، یەکێک لەو کەسانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان زیندانی کراوە و کەسوکاری دوو منداڵی لە برسان گیانیان لەدەستداوە، گوتی، "دوو منداڵەکەم لە برسان و تینویەتیان گیانیان لەدەستدا، 10 رۆژ بوو هەردوو منداڵەکە بە مردوویی لە لای خۆم بوون".
ئامینە ساڵح، یەکێکی دیکە بوو لە زیندانییانی نوگرە سەلمان و بەڵێنی دا، مەمە و شیر لەگەڵ خۆی بباتە دادگە و پیشانی عەجاجی دەدات.
خوشکێکی ئامینە سێ مانگ لە زیندان داوای شیر و ئاوی کردووە و نەبووە و گیانی لەدەستداوە. ئامینە ئاماژە بەوە دەدا، 38 ساڵە مەمە و شیری لای خۆی هەڵگرتووە و بەڵێنی داوە بیباتە دادگە.