لە رووداوێکی هاتووچۆ لە دیوانیە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە پارێزگای دیوانیە روویدا و لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و دووی دیکە برینداربوون. 
 
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەیەکی دەرەکی قەزای ئەلبدێر لە پارێزگای دیوانیە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری جی ئێم سی یوکان و بارهەڵگرێک روویداوە. 
 
هەر لەوبارەوە، نوئاس سەباح شاکر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە رووداوەکەدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و لەلایەن تیمی بەرگریی شارستانی بە ئامێر و کەرەستەی تایبەت تەرمەکان لەنێو یوکانەکە دەرهێنراوە و دواتر تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون و رێکاری پێویستی یاسایی گیراوەتەبەر.
 
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی عێراق، ساڵی رابردوو زیاتر لە 14 هەزار رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.