وەزارەتی نەوتی عێراق: بۆریی بەسرە - حەدیسە 15 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاریی پڕۆژەی بۆریی نەوتی (بەسرە - حەدیسە) ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، پڕۆژەکە توانای هەناردەکردنی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەبێت و لەڕێگەی سێ دەروازەی جیاوازەوە نەوتی عێراق دەگەیێنێتە بازاڕەکان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێڵی بۆریی بەسرە - حەدیسە رێڕۆیێکی وشکانیی یاریدەدەر دەبێت بۆ گواستنەوەی دەریایی، کە بە رێگەیەکی ئارام، خێرا و کەم تێچوو دادەنرێت." گوتیشی: "ئەم بۆرییە نەوت دەگەیێنێتە پاڵاوگەکانی نێوەڕاست، باشوور و باکوور، بۆ دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆیی و بەرهەمە نەوتییەکان."
 
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، هێڵەکە ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرەو سێ ئاراستەی سەرەکی، ئەوانیش "بەندەری بانیاسی سووریا، بەندەری جەیهانی تورکیا و بەندەری عەقەبە لە ئوردن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هێڵەکە توانای هەناردەکردنی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا.
 
ساحب بەزوون ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لە پڕۆژەکە لە ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە، "بەڵام بەهۆی کەمیی نەختینەوە جێبەجێکردنی دواکەوتبوو. بۆ ئەم مەبەستە بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، کە ملیار و نیوێکی خەرجکراوە و ئەوەی دیکە بەشێوەی قیست دەبێت."
 
لەبارەی رەخساندنی هەلی کارەوە گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی، "نزیکەی 15 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت."
 
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار و درێژیی هێڵەکە 700 کیلۆمەترە و تیرەکەی 56 ئینجە.