کارنامەی عەلی زەیدی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

عەلی فالح زەیدی لە کارنامە 14 تەوەرەیییەکەیدا بۆ حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژە بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت و پاراستنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو کەرتە دەکات. لە کارنامەکەدا جەخت لە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردنیان کراوەتەوە. 
 
سەبارەت بە حەشدی شەعبی، لە کارنامەکەدا هاتووە: "پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای شەڕکردنیان بەهێز بکات و ئەرک و رۆڵیان لە نێو سیستمی سەربازی و ئەمنیدا بەپێی یاسا دیاری بکرێت."
 
عەلی فالح زەیدی، رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، کارنامەی حکومەتەکەی رادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.
 
لە تەوەرەی بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی، ئاماژە بە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکان کراوە. هەروەها جەخت لە یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوەکان بە سیستمی فەرمیی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و تاوانی رێکخراو و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان کراوەتەوە. لە بەشێکی دیکەدا باس لە بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، پەرەپێدانی سیستمی چاودێری بەپێی تەکنەلۆژیای نوێ، چەسپاندنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پشتگیریکردنی ئازادیی رادەربڕین و میدیای ئازاد کراوە.
 
سیاسەتی دەرەوە 
 
ئەم تەوەرەیە تایبەتە بە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆ و راکێشانی وەبەرهێنان. لە کارنامەکەدا هاتووە کە رێگە نادرێت عێراق ببێتە رێڕەو یان بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، هاوکات رێگری لە دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکرێت. هەروەها جەخت لە کاراکردنی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا کراوەتەوە.
 
چاکسازیی ئابووری و دارایی 
 
ئاماژە بە بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی هەمەجۆر کراوە کە بەرگەی شۆکە دەرەکییەکان بگرێت. پابەندبوون بە دیسپلینی دارایی، رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و بەدیجیتاڵکردنی باج و رسوومات لە خاڵە سەرەکییەکانن. هەروەها چاکسازی لە کەرتی بانکیی حکومەتی، بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و دامەزراندنی "ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی" و "سندووقی نەوەکان" بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوتدا، لەم تەوەرەیەدا جێگیر کراون. هاوکات جەخت لە دابینکردنی پاراستنی ئەمنیی پێویست بۆ کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکان کراوەتەوە.
 
کەرتی وزە 
 
ئەم تەوەرەیە دابەشکراوە بۆ دوو بەش؛ لە بواری کارەبادا، چاکسازیی گشتگیر لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن دەکرێت و پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە دەکرێت، لەگەڵ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆیی. لە بواری نەوت و گازیشدا، ئاماژە بە بونیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، تەواوکردنی پڕۆژەکانی غازی هاوەڵ، کەمکردنەوەی سووتاندنی غاز و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کراوە.
 
پیشەسازی، کشتوکاڵ و حکومڕانی 
 
لە تەوەرەی پێنجەمدا باس لە زیادکردنی پشکی کەرتی پیشەسازی لە داهاتی ناوخۆ و پشتگیریکردنی پیشەسازییە ستراتیژییەکان کراوە. تەوەرەی شەشەم تایبەتە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری و رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو. لە تەوەرەی حەوتەمدا جەخت لە بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی کراوەتەوە. تەوەرەی هەشتەم و نۆیەمیش تایبەتن بە پەروەردە، خوێندنی باڵا، بنبڕکردنی نەخوێندەواری و باشترکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و فراوانکردنی سیستمی بیمەی تەندروستی.
 
 
 
دەقت کارنامەی عەلی فالح زەیدی، بۆ حکومەتی نوێی عێراق
 
بە پشتبەستن بە دەستووری کۆماری عێراقی 2005 ماددەکانی (76/ چوارەم) و (110)، شانازی دەکەم بە پێشکەشکردنی کارنامەی وەزاری بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەڕێز کە نوێنەرایەتی هەموو تەیف و پێکهاتەکانی گەلی عێراقی ئازیز دەکات، وەک پەیماننامەیەکی نیشتمانی کە لەسەر دەستوور بنیات نراوە و وەڵامدەرەوەی تەحەددییە هەنووکەییەکانە لە بوارە ئەمنی، دارایی، ئابووری، تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان و رەهەندە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی، و بەرەو چەسپاندنی سەقامگیریی دەوڵەت و سەروەرییەکەی هەنگاو دەنێت لە رێگەی راگەیاندنی کۆمەڵە رێڕەوێکی واقیعی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و بەدیهێنانی ئەو چاکسازییانەی لەم کارنامەیەدا مەبەستن.
ئامانجی ئەم کارنامە وەزارییە وەرگێڕانی رێڕەوی کارکردنی حکومەتێکی نیشتمانیی سەرکردەیە، کە توانای کێشانی سیاسەتی کاریگەری هەبێت بۆ بەهێزکردنی تەبایی دامەزراوەکانی دەوڵەت، و یەکخستنی رێڕەوەکانی ئەدای جێبەجێکردنی جۆری لەسەر بنەماکانی حکومڕانیی باش، و بەدواداچوونی جیدی و بڕیاردەرانە بۆ جێبەجێکردن، و وەڵامدانەوەیەکی گونجاو و نەرم بۆ چارەسەرکردنی تەحەددییەکان بە ئەولەویەتە بابەتییەکان کە بەردەوامی و پێداچوونەوە و باشترکردنی بەردەوام مسۆگەر بکات، بە لەبەرچاوگرتنی رووداو و پەرەسەندنە جیۆپۆلیتیکییانەی ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانیان لەسەر عێراق، لە رووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا حکومەت پابەند دەبێت بە کارکردن لە ناو چوارچێوەیەکی دەستووریی روون، و بە شەراکەتێکی کاریگەر لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەڕێز و دەسەڵاتەکانی دیکە و هێزە کۆمەڵایەتییەکان و کەرتی تایبەت، بەپێی میتۆدێک کە لەسەر شەفافیەت و لێپرسینەوە و بەستنەوەی دابینکردنی دارایی بە دەستکەوتەکان و بڕیار بە ئەنجامەکان بنیات نراوە.
رێڕەوێکی جۆری لە جێبەجێکردنی کارنامەکەماندا دەگرینە بەر، کە پشت بەم تەوەرانەی خوارەوە دەبەستێت:
 
تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی وەزاریی حکومەتی نوێی عێراق 
 
تەوەرەی یەکەم: بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی 
 
1- قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
2- بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان، هەواڵگری و سەربازییەکان و سەپاندنی کۆنترۆڵی دەوڵەت و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردن.
3- پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حەشدی شەعبی بە جۆرێک کە توانای شەڕکردنیان بەهێز بکات و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرک و رۆڵیان لە ناو سیستمە سەربازی و ئەمنییەکەدا بەپێی یاسا.
4- یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوە و تواناکان بە سیستمە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە.
5- بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و تاوانی رێکخراو، و وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی داراییان.
6- بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و پەرەپێدانی سیستمەکانی چاودێری بەپێی تەکنەلۆژیای نوێ.
7- چەسپاندنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی تاوانکاری و پشتگیریکردنی ئازادیی رادەربڕین و میدیای ئازاد.
 
تەوەرەی دووەم: سیاسەتی دەرەوە 
 
1- دوورخستنەوەی عێراق لە تەوەرەکانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی، و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوام، و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی چالاک کە لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی هاوسەنگی پەیوەندییەکان بێت.
 
2- بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان، و هەوڵدان بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، و کاراکردنی رێککەوتننامە ئابووری و ستراتیژییەکان کە لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست واژۆ کراون؛ بە جۆرێک کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهێز بکات و لە بەرژەوەندیی عێراقدا بێت، لە رێگەی کاراکردنی لیژنە هاوبەشەکان و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی هەرێمی لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوە، لەوانەش "رێگەی گەشەپێدان" و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە زیندووە.
 
3- پەیڕەوکردنی ئەو پرەنسیپەی کە رێگە نەدرێت عێراق ببێتە رێڕەو یان بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، و رێگەنەدان بە وڵاتانی دیکە بۆ هێرشکردن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ، بەپێی ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.
 
 
بەردەوامیی تەوەرەی دووەم: سیاسەتی دەرەوە 
 
4- کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزێت.
5- بەهێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عێراقی بە شێوەیەک کە لەگەڵ شکۆی هاووڵاتیی عێراقیدا بگونجێت.
6- بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا.
7- سنووردارکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە رێگەی کەناڵە فەرمییە دیپلۆماسییەکانەوە.
 
تەوەرەی سێیەم: چاکسازیی ئابووری و دارایی 
 
1- بونیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانیی هەمەجۆر کە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەبێت و کاریگەریی شۆکە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە.
2- پەیڕەوکردنی پڕۆگرامی رێکخستنی دارایی و دووبارە داڕشتنەوەی خەرجییە گشتییەکان، و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەدیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی باج بە هاوکاری و راوێژ لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
3- خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی بانکیی حکومەتیدا بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی کارایی، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر و بەرزترین ئاستی پابەندیی داراییەوە هەیە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پلانەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ چاکسازیی کەرتی بانکیی تایبەت و دیدگایەکی نیشتمانیی گشتگیر بگونجێت.
4- بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و ژینگەی کار وەک بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ گەشە و رەخساندنی هەلی کار، و پەیڕەوکردنی پرەنسیپی کێبڕکێ و رێگریکردن لە قۆرخکاری.
5- چاکسازی لە کۆمپانیا گشتییەکاندا لە رێگەی چوونە ناو هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
6- بەهێزکردنی متمانە بە ژینگەی وەبەرهێنان و هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکاندا، و کاراکردنی رێکارە رێکخراوەییەکانی "پەنجەرەی یەکگرتوو" لە دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و دەستەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکان.
7- دابینکردنی پاراستنی ئەمنیی پێویست بۆ کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکان لە عێراق، بەتایبەتی کۆمپانیا نەوتییە گەورەکان.
8- دامەزراندنی "ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی لە عێراق"، کە ئەرکی هاوئاهەنگی لە نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەیی دەگرێتە ئەستۆ.
9- دامەزراندنی "ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان"، کە ئەرکی دووبارە داڕشتنەوەی فەلسەفەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانیی راستی و چالاککردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەگرێتە ئەستۆ.
10- دامەزراندنی "سندووقی نەوەکان" بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوت و سروشتیدا.
11- بەشدارپێکردن و بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی دڵنیایی (تەئمین) لە ئابووریی نیشتمانیدا.
12- فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کانزا و سامانە سروشتییە نانەوتییەکان بە باشترین شێوە.
 
 تەوەرەی چوارەم: وزە 
 
 یەکەم: کارەبا 
 
1- چاکسازیی گشتگیر لە دۆسیەی کارەبا لەسەر ئاستی کەرتەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن، و پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی کارکردنی هەر کەرتێک و ئەو پاڵپشتییەی پێشکەش بەم خزمەتگوزارییە دەکرێت بەپێی خەرجی و داهاتەکان؛ بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی تێچوویەکی پێوانەیی بۆ تێکڕای یەکەی وزەی کارەبا.
 
2- پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی بەرهەمهێناندا؛ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود لێیان بە مەبەستی بەهێزکردنی سیستمی کارەبا و دابینکردنی ئەو خواستە زیادەیەی لەسەر کارەبا هەیە، لەگەڵ دابینکردنی جۆر و بڕی سووتەمەنییە تەقلیدییە پێویستەکان بۆ ئەم پڕۆژانە و تەرکیزکردنە سەر بەرهەمهێنانی وزەی تێکەڵ (Hybrid) بە بەکارهێنانی وزە نوێبووەوە مەیدانییەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان و دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان.
 
3- هەمەجۆرکردن و سەربەخۆیی لە دابینکردنی وزە بە شێوەیەکی بەردەوام و تەرکیزکردنە سەر پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی ناوخۆیی، بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، لەگەڵ بەهێزکردنی بەستنەوەی کارەبا و گەیاندنی تۆڕی بۆریی غاز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
 
4- بەشدارپێکردنی کەرتی تایبەت لە وەبەرهێنان لە کەرتی دابەشکردنی وزەی کارەبا و گۆڕان بەرەو تۆڕی زیرەک بۆ رێکخستنی بەکاربردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی تەکنیکی و ناتەکنیکی، و زیادکردنی داهاتی کۆکردنەوەی پارەی وزەی بەکاربراو لەگەڵ پێداچوونەوە بە نرخی فرۆشتنی یەکەی وزەی کارەبا و رەچاوکردنی چینە هەژارەکان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە.
دووەم: نەوت و گاز 
 
1- بونیاتنانی شەراکەتی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوت بەپێی مۆدێلێک کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بپارێزێت.
 
2- تەواوکردنی پڕۆژەکانی غازی هاوەڵ و زیادکردنی بەرهەمهێنانی و بەرزکردنەوەی رێژەی راگرتنی سووتاندنی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی.
 
3- بەهێزکردنی ژێرخان بۆ زیادکردن و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن لە رێگەی بونیاتنان و بەستنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوە بە بۆری، و فراوانکردن و پەرەپێدانی بەندەرەکانی هەناردەکردن و زیادکردنی توانای کۆگاکردنیان.
 
4- کارکردن بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز.
 
5- کاراکردنی "یاسای وەبەرهێنانی تایبەت لە پاڵاوتنی نەوتی خاو ژمارە 64ـی ساڵی 2007" بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتن لە پاڵاوگە نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی قەبارەی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان.
 
6- زیادکردنی داهاتەکان لە رێگەی زنجیرەیەکی بەهای تەواوکاری بە نوێکردنەوەی پاڵاوگەکان و پەرەپێدانی پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان.
 
7- بەرزکردنەوەی رێژەی خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و غازی سروشتی، و کەمکردنەوەی هاوردەکردن و گۆڕینی تێچووەکەی بۆ داهاتێک کە پشتگیری لە هەناردەکردن بکات.
 
8- تەواوکردنی وێستگە جێگیرەکان بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی غاز لە بەندەری فاوە گەورە.
 
9- پەرەپێدانی پیشەسازییە گۆڕاوەکان و بەستنەوەی نەوت و گاز بە زنجیرەکانی بەهای پیشەسازییەوە.
 
تەوەرەی پێنجەم: پیشەسازی 
 
1- چاکسازیی یاسایی و رێکخستن کە بەشدار بێت لە گەڕاندنەوەی رۆڵی ئابووریی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنی بەشداریی لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP).
 
2- تەرکیزکردنە سەر هەمەجۆریی پیشەسازی و دابینکردنی ژێرخان بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان، و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و رەخساندنی هەلی کاری نوێ کە لەگەڵ گەشەی ئابووریدا بگونجێت.
3- پشتگیریکردنی پیشەسازییە ستراتیژییەکان (خۆراک، دەرمان، بیناسازی) و دووبارە خستنەگەڕی کارگە حکومییە پەککەوتووەکان.
 
4- کەمکردنەوەی رۆتینی کارگێڕی و پێدانی مۆڵەتەکان کە کاریگەرییان لەسەر پڕۆژە پیشەسازییە ناوخۆییەکان هەیە.
 
5- پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت بەو پیشەسازییانەی روویان لە هەناردەکردنە، هەروەها ئەوانەی دەستی کارێکی زۆر دەڕەخسێنن و پڕۆژە دۆستەکانی ژینگە.
 
6- کاراکردنی رۆڵی سندووقی پشتگیریی هەناردەکردن و سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
 
7- بەرەنگاربوونەوەی ساغکردنەوەی کاڵای بیانی (اغراق) و پشتگیریکردنی کێبڕکێی پیشەسازیی ناوخۆیی بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پەرەپێدانیاندا.
 
8- پەیڕەوکردنی میتۆدی شەراکەتی پیشەسازی لە نێوان دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، و پەرەپێدانی شارە پیشەسازییەکان.
 
تەوەرەی شەشەم: کشتوکاڵ و ئاو 
 
1- گەڕاندنەوەی بنەماکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی وەک کەرتێکی ئابووریی زیندوو و کاریگەر لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێر و رێگە مۆدێرنەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەپێی پلانێک کە بەرزترین ئاستی ئاسایشی خۆراک بەدیبهێنێت.
 
2- بەستنەوە و بەکارهێنانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو؛ بە مەبەستی بەدیهێنانی زۆرترین سوود بۆ عێراق و ئاراستەکردنیان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی ئاو.
 
3- گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی ئاژەڵی و رەخساندنی هەموو رێگەکانی سەرکەوتنی، بە جۆرێک کە ئاسایشی خۆراک بە مانا فراوانەکەی بەهێز بکات و هاوردەکردن کەم بکاتەوە و هەلی کار بۆ دەستی کاری عێراقی بڕەخسێنێت.
 
4- هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە کەرتی کشتوکاڵدا.
 
5- رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو لە هەموو بوارەکاندا بە بەکارهێنانی رێگەی نوێ و رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئەم سامانە گرنگە.
 
6- ئاراستەکردنی ناوەندەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی، زانکۆ و کۆلێژە پسپۆڕەکان بەرەو پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی؛ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەستنەوەی زنجیرەکانی دابینکردن بە پیشەسازییە کشتوکاڵییەکانەوە.
 
تەوەرەی حەوتەم: حکومڕانی، چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی 
 
1- بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و سەربەخۆیی دامەزراوەکان و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا و یەکسانی لەبەردەمیدا.
 
2- بونیاتنانی پڕۆگرامێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، لەسەر بنەمای میکانیزمی یاسایی و چاودێریی  تووند  و روون کە لێپرسینەوە لە هەموو تێوەگلاوان و گەڕاندنەوەی مافە گشتییەکان بە پشتبەستن بە پرەنسیپی لێکۆڵینەوە داراییە هاوتەریبەکان مسۆگەر بکات.
 
3- پەیڕەوکردنی حکومڕانیی دامەزراوەیی لە بەڕێوەبردنی وەزارەت و دەستە گشتییەکاندا، لە رێگەی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و پەسندکردنی رێبەرەکانی رێکار و رێڕەوی بڕیاردانی روون و  سیستم ی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی خولی، بە جۆرێک متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت بەهێز بکات و دادپەروەری لە گەیشتن بە خزمەتگوزاری و دەرفەتەکان مسۆگەر بکات.
 
4- بەهێزکردنی متمانە و شەفافیەت لە رێگەی پەرەپێدانی تواناکان و میکانیزمی کارکردنی دەزگا چاودێرییەکان؛ بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی دارایی و پاراستنی ماڵی گشتی.
 
5- بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای  حکومەت  و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی بە پشتبەستن بە پڕۆگرامەکانی گۆڕانی دیجیتاڵیی گشتگیر، و کاراکردنی پێوەرەکانی ئەدای دامەزراوەیی، جۆری، حکومڕانی و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان.
 
6- بونیاتنانی  سیستم ێکی نیشتمانیی دیجیتاڵی بۆ بەڕێوەبردنی داتا و زانیارییەکان و پشتبەستن پێیان لە ناو میکانیزمی بڕیارداندا.
 
7- چەسپاندنی نامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی بەپێی چوارچێوەیەکی رێکخراو کە کارایی پارێزگاکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بەرز بکاتەوە.
 
تەوەرەی هەشتەم: پەروەردە و خوێندن 
 
1- بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندنی  حکومەت ی و ئەهلی؛ بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆڕانکاری و پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێت.
 
2- بەردەوامبوون لە پڕۆگرامی دروستکردنی قوتابخانەکان لە رێگەی سندووقی رێککەوتنی چوارچێوەی نێوان عێراق و چین.
 
3- تێکەڵکردنی لێهاتووییەکان لە چوارچێوەی پێگەیاندنی پیشەیی، و دروستکردنی پڕۆژە پێشەنگەکان و شارە زانستییەکان.
 
4- راگەیاندنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کادرانی وانەبێژ و مامۆستایان.
 
5- کەمکردنەوەی بۆشایی پێداویستیی قوتابخانەکان، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان و پەیڕەوکردنی میکانیزمی نەرم و خێرا وەک ژینگەی خوێندنی دیجیتاڵی.
 
6- راگەیاندنی پڕۆژەی چڕ بۆ پشتگیریکردنی خوێندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی هەموو قۆناخەکانی خوێندن بگرێتەوە و دادپەروەری لە پەروەردە و خوێندندا مسۆگەر بکات.
 
7- فراوانکردنی ئاسۆیی و ستوونیی پسپۆڕییە نوێیەکان لە زانکۆ  حکومەت ی و ئەهلییەکاندا.
 
8- پشتگیریکردنی ناردنی خوێندکاران بۆ دەرەوە (بەعساتی خوێندن) لە پسپۆڕییە پێویستەکاندا و پشتگیریکردنی توێژینەوەی زانستی و بەهێزکردنی رۆڵی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ.
 
9- راگەیاندنی پڕۆگرامێکی نیشتمانی بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری.
 
تەوەرەی نۆیەم: خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان 
 
1- باشترکردنی جۆری خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی و فەراهەمکردنی بۆ هەموو هاووڵاتیان و زامنکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانە و گەیاندنی بە ناوچە دوورەدەستەکان و گوند و لادێکان.
 
2- فراوانکردنی  سیستم ی دڵنیایی تەندروستی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەرییەکان و دابینکردنی دەرمان.
 
3- بەدواداچوون بۆ ئەزموونی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان و هەڵسەنگاندنیان بە سوودوەرگرتن لە شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان.
 
4- تەواوکردنی پڕۆژەکانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییە پەککەوتووەکان.
 
5- کاراکردنی پڕۆگرامەکانی چاودێری و سەرپەرشتیی پزیشکی و تەندروستی لەسەر دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان.
 
6- نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە  حکومەت ییەکان لە رووی ئەداوە، و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی راستی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا تەندروستییەکان و دابینکردنی دەرمان بۆ باشترکردنی جۆری ژیان.
 
7- نوێکردنەوەی پیشەسازییە دەرمانییە ناوخۆییەکان، پسپۆڕییە پزیشکییە دەگمەنەکان و پڕۆگرامەکانی توێژینەوە و گەشەپێدان.
 
تەوەرەی دەیەم: تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری 
 
1- نوێکردنەوەی ئەو یاسایانەی بازاڕی کار رێکدەخەن بە جۆرێک کە نەرمی و پاراستن پێکەوە مسۆگەر بکات و بەشدار بێت لە دابەزاندنی رێژەی بێکاری.
 
2- بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و کاریگەریی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و میکانیزمەکانی کارکردنی بە شێوەیەک کە زۆرترین سوود بۆ شایستەکان بەدیبهێنێت، و نوێکردنەوەی میتۆدەکانی پشتگیریکردنی چینە هەژارەکان و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە رێگەی پڕۆگرامەکانی پشتگیریی خۆراک، دڵنیایی تەندروستی و پڕۆگرامەکانی کارپێکردن و راهێنان.
 
3- گواستنەوەی قۆناخبەند لە هاوکارییەوە بەرەو تواناسازی لە رێگەی پشتگیریکردنی کارسازی و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و دابینکردنی دارایی بچووک بۆ چینە هەژار و لاوازەکان.
 
4- سوودوەرگرتن لە راپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی نیشتمانی و ئەنجامەکانی سەرژمێریی دانیشتووان بۆ بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی ئاستی داهات، خوێندن و تەندروستیی تاک.
 
تەوەرەی یازدەیەم: پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری 
 
1- پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندییەکان و دامەزراندنی ناوەندەکانی داتای  حکومەت یی پێکەوەبەستراو، کە میوانداریکردنی ئارام و کارا بۆ  سیستم ە نیشتمانییەکان و بنکەکانی داتا و ئەپڵیکەیشنە  حکومەت ییەکان زامن بکات.
 
2- راگەیاندنی ستراتیژییەتێکی نیشتمانی بۆ گۆڕانی دیجیتاڵیی گشتگیر بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان.
 
3- پەسندکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی و راگەیاندنی چوارچێوەی نیشتمانی بۆ حکومڕانیی داتا لە عێراق؛ بە جۆرێک کە تەواکاریی ئاڵوگۆڕی داتا و بەئۆتۆماتیککردنی رێکار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بە بەکارهێنانی واژۆی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی پڕۆژەی گۆڕانی دیجیتاڵیی گشتگیردا مسۆگەر بکات.
 
4- فراوانکردنی بەکارهێنانی هەورەژمێریی (Cloud Computing) حکومەتی و پەسندکردنی پێوەرە نیشتمانییە یەکگرتووەکان بۆ سیستم و ئەپڵیکەیشنە حکومەتی و تایبەتەکان.
 
5- تواناسازیی ناوەندە نیشتمانییەکان بۆ گۆڕانی دیجیتاڵی، ئاسایشی سایبەر و ژیریی دەستکرد و بەهێزکردنی تواناکانیان لە رووی دامەزراوەیی و تەکنیکییەوە.
 
6- راگەیاندنی پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانی بۆ مۆبایل بە شەراکەت لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراقی.
 
7- وەبەرهێنان لە پێگە جیۆپۆلیتیکییە دەگمەنەکەی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە وێستگەیەکی بەستنەوەی نێودەوڵەتی بۆ جووڵەی داتای جیهانی و ناوەندێکی هەرێمی بۆ ئاڵوگۆڕی داتا.
 
8- بەهێزکردنی رۆڵی رێکخستن و چاودێریی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن لە کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن، و رێکخستنی ناوەڕۆکی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
 
 
تەوەرەی دوازدەیەم: مافەکانی مرۆڤ، ژنان و منداڵان 
 
 
1- بەهێزکردنی سیستمی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەسەر بنەمای رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و زامنکردنی یەکسانی و نەبوونی جیاکاری و تواناسازیی ژنان وەک هاوبەشێکی کارا و سەرەکی لە گەشەپێدان و بڕیارداندا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستووری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا بگونجێت.
 
2- کەمکردنەوەی هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان و منداڵان لە رێگەی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوە لە کەیسەکانی پێشێلکاری، و دەرچوواندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی و بڵاوکردنەوەی کولتووری مافەکانی مرۆڤ لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.
 
3- ئامادەکردنی پڕۆگرامی راهێنانی سەرکردایەتی بۆ ژنان لە کارە حکومەتی و سیاسییەکاندا.
 
3- بەهێزکردنی رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ژنان و منداڵان و دامەزراندنی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ کاروباری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ داڕشتنی پلانێکی درێژخایەن بە مەبەستی پشتگیریکردنی چالاکییەکانیان و تواناسازی و هەڵسەنگاندنی رۆڵی کۆمەڵایەتییان.
 
تەوەری سێیەم: لاوان و وەرزش 
 
 
1- بەرەوپێشبردنی کەرتی وەرزش و بەرزکردنەوەی ناوبانگی عێراق لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ هەڵبژاردە نیشتمانییەکان لە ڕێگەی لێژنەی ئۆڵۆمپی و فیدراسیۆنە وەرزشییەکانەوە.
 
2- هاوکاریکردن لە داڕشتنی مۆدێلی دارایی بۆ یانە وەرزشییەکان، بە جۆرێک یارمەتیدەریان بێت لە دابینکردنی خەرجییەکان و بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان لە ڕێگەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆیانەوە.
 
3- پاڵپشتیکردنی دەسپێشخەرییەکانی گەنجان و دامەزراندنی سەنتەری کارامەیی پیشەیی، بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن ئەو لێهاتووییانە بەدەستبهێنن کە بازاڕی کار پێویستییەتی.
 
4- بەهێزکردنی رۆڵی گەنجان لە ناوەندە بڕیارەکاندا لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ئەنجوومەنەکانی گەنجانەوە.
 
5- چالاککردنەوەی رۆڵی مەکۆ (مونتەدا)کانی گەنجان لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، بە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی و هەستی نیشتمانپەروەری.
 
 
تەوەری چواردەیەم: کلتوور، گەشتوگوزار و شوێنەوار 
 
 
1- بەهێزکردنی پێگەی شارستانی و کولتووریی عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن مێژوویەکی دێرین لە مرۆڤایەتیدا.
 
2- زیندووکردنەوەی میرات و هێما شارستانییەکانی عێراق لە چالاکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، بە ئامانجی گێڕانەوەی پێگەی وڵات و کارکردن بۆ گێڕانەوەی شوێنەوارە دزراوەکان.
 
3- پەرەپێدانی مۆزەخانەکانی عێراق و دروستکردنی مۆزەخانەی نوێی (کلاسیکی و تەکنەلۆژی) بۆ پاراستن و نمایشکردنی شوێنەوارەکان لەبەردەم گەشتیاراندا.
 
4- گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار و گۆڕینی بۆ سەرچاوەیەکی داهات بۆ بودجە، جگە لە ناساندنی ناسنامەی نیشتمانی وەک یەکەم وێستگە بۆ ئاشنابوون بە مێژووی عێراق.
 
5- پەرەپێدانی پڕۆژە کلتوورییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ئاسایشی کلتووری)، لەپێناو بەهێزکردنی رۆڵی کلتوور لە کۆمەڵگەدا وەک ڕەنگدانەوەی قووڵایی مێژوویی عێراق.
 
6- گرنگیدانی تایبەت بە ناوچە مێژووییەکان و سەنتەرە کلتووری و کەلەپوورییەکان.
 
7- هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ سەندیکا، یەکێتی و کۆمەڵە پەیوەندیدارەکان بە کاروباری کلتووری و کەلەپوور، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە چالاکییە داهێنەرەکانیان کە گیانی کلتووری عێراقی بەرز رادەگرن.
 
بنەماکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت 
 
1- کارنامەی وەزاری لە دیدێکی گشتگیر و هەمەلایەنەوە سەرچاوەی گرتووە و وەک پەیمانێکی نیشتمانی و پابەندییەک لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران دادەنرێت؛ حکومەت بەوپەڕی دیسپلین و بەرپرسیارێتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
 
2- بەپێی ماددەی (1/38) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران (ژمارە 2ی ساڵی 2019)، حکومەت (دوای وەرگرتنی متمانە) کار دەکات بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی ورد کە سەرجەم وەزارەتەکان، دەستە سەربەخۆکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم دەگرێتەوە. ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای "نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانیی گشتگیر" دەبێت و وردەکارییەکانی (لە پێشینەکان، ئامانجەکان، پڕۆژە و دەسپێشخەرییەکان، میکانیزمی جێبەجێکردن، پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن، کاتەکان، تێچوو، سەرچاوەی دارایی و لایەنە بەرپرسەکان) لەخۆدەگرێت.
 
3- حکومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ گۆڕینی لە پێشینەکانی کارنامە و بەرنامەکەی، بەپێی پێویستییەکانی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەت و بارودۆخە کتوپڕەکان (تەوژمی ئەمنی، دارایی، یان هەر بارودۆخێکی نەخوازراو).
 
4- سەرجەم وەزارەتەکان، دەستەکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان، پابەندن بە جێبەجێکردنی ئامانج و ئەرکە دیاریکراوەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان و لە پێشینە نیشتمانییەکان.
 
5- جێبەجێکردنی تەواوی تەوەرەکانی ئەم کارنامەیە، بەستراوەتەوە بە دابینکردنی تەرخانکراوە داراییە پێویستەکان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی دەوڵەتدا.