وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەڵمەتی لەنێوبردنی رووەکێکی ژەهراوی چڕ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، هەڵمەتێکی بۆ لەنێوبردن و بنبڕکردنی رووەکێکی ژەهراوی دەستپێکردووە کە لە کەناری رووبارەکان خۆرسکانە دەڕوێت.
 
دکتۆر مەهدی سەهر جبووری، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "رووەکی داتۆرا، یەکێکە لە گژوگیا ژەهراوییەکان کە مادەی هۆشبەری وەک ئەترۆپین و سکۆپۆلامینی تێدایە، هەربۆیە چەند ساڵێکە هەوڵێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە ئەمنییەکاندا هەیە بۆ بنبڕکردنی."
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، ئەم لیژنە هاوبەشانە بە درێژایی ساڵ بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ چاودێریکردن و لەنێوبردنی ئەم رووەکە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە شێوەیەکی وەرزی لێی دەڕوێت، وەک کەنارەکانی رووباری دیجلە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا لە ناحیەی لەتیفییە لە باشووری بەغدا، دەستبەسەر چەندین رووبەری کشتوکاڵیدا گیراوە کە رووەکی هۆشبەری 'داتۆرا'یان تێدا بڵاوبووەتەوە. 
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکەوە رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی لەناوبردنی نزیکەی 40 هەزار نەمامی ئەم مادە هۆشبەرە". پرۆسەی لەناوبردنەکە لە رێگەی سووتاندنەوە لە شوێنی دەستبەسەرداگرتنەکە ئەنجامدراوە و هیچ رووداوێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە.
 
رووەکی داتۆرا کە بە "تەڵەی شەیتان"، یان "گیای شێت"یش ناسراوە، رووەکێکی گژوگیایی وەرزییە و بەرزییەکەی دەگاتە یەک مەتر.
 
 وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: "بە شێوەکەی تێمەکەون ژەهراوییە"، چونکە گوڵەکانی جوان و سەرنجڕاکێشن, بەڵام مەترسییەکی کوشندەن. ئەم رووەکە لە وەرزی بەهاردا بە شێوەیەکی سرووشتی لە زەوییە چۆڵەکان و کەناری رووبارەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکاندا دەڕوێت.
 
داتۆرا رووەکێکی ئێجگار مەترسیدارە، پێکهاتە کیمیاییەکانی وەک (سکۆپۆلامین و ئەترۆپین) کار لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ دەکەن، لە هەندێ حاڵەتدا دەبێتە هۆی گەشکە، بێهۆشبوون و پەککەوتنی کۆئەندامی هەناسە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەشڵێت، فەرمانگەی پاراستنی رووەک رادەسپێردرێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی ئەم رووەکە و دیاریکردنی جۆری لەنێوبردنەکەی، جا چ بە شێوەی میکانیکی بێت یان کیمیایی، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی وەک مادەیەکی هۆشبەر.