عێراق زەوییە زێدەڕۆییەکان دەفرۆشێتەوە بەو کەسانەی خانوویان لەسەر دروستکردوون


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی زێدەڕۆیی چڕتر دەکاتەوە؛ بڕیار دراوە ئەو زەوییانە بەو هاووڵاتییانە بفرۆشرێنەوە کە خانوویان لەسەر دروستکردوون، ئەوەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو کێشە یاسایی و خزمەتگوزارییەی چەندین ساڵە بەرۆکی شارەکانی گرتووە.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، رێنمایی و مەرجی تایبەت بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت دانراوە، تاوەکو ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان کراوەتە سەر، بەو کەسانە بفرۆشرێنەوە کە خانووی نیشتەجێبوونیان تێدا دروستکردوون.
 
بە گوتەی نەبیل سەفار، دوو بڕیاری سەرەکی بۆ ئەم مەبەستە هەن، ئەوانیش بڕیاری ژمارە 320ی ساڵی 2022: تایبەتە بە چارەسەرکردنی ئەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر زەوییە  کشتوکاڵییەکان. دووەم بڕیاری ژمارە 20ی ساڵی 2025: تایبەتە بەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر زەوییەکانی سەر بە دامەزراوەکانی شارەوانییەکان.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەش کرد: "بەپێی رێنماییەکان، تەنیا ئەو زەوییانە دەفرۆشرێنەوە، کە دەکەونە ناو سنووری ماستەرپلانی شارەکان و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دیاریکراون، پرۆسەی جێبەجێکردنیش لە ئەستۆی ئەمیندارییەتی بەغدا و شارەوانییەکانی پارێزگاکان دەبێت."
 
نەبیل سەفار دەڵێت، زۆربەی زێدەڕۆییەکان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و زەوییەکانی شارەوانی کراون، بەشێکی زۆری گەڕەکە هەڕەمەکییەکانیش بەبێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە. حکومەت دەیەوێت بەم بڕیارانە "هەنگاو بە هەنگاو" ئەم دۆسیە ئاڵۆزە چارەسەر بکات، هەرچەندە پڕۆسەکە پێویستی بە کات و رێکاری کارگێڕیی زۆر هەیە.