سەدر و حەکیم و عەللاوی هەوڵی دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی دەدەن
رووداو-بەغدا
هەریەک لە سائیروون ، رەوتی حیکمە و هاوپەیمانی وەتەنییە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی پێکەوە و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە زۆرینەی پەرلەمانی دروستبکەن. ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی رەوتی حیکمە دەڵێت: "لێکگەیشتی قووڵ لە نێوانماندا هەیە و دەرگامان کراوەیە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە".
عەبدوڵڵا زەیدی ، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی رەوتی حیکمە بە رووداوی راگەیاند: "لێکگەیشتی قووڵمان لەگەڵ هەریەک لە هاوپەیمانی سائیروون و وەتەنییە هەیە و گەیشتووینەتە چەند بنەمایەکی جێگیر. لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامە و دەرگامان کراوەیە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە لە کورد ، سوننە و شیعە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی بێنە نێو هاوپەیمانییەکەمان بۆ ئەوە بتوانین زۆرینەیەکی رەها پێکبهێنین".
ئەو سێ هاوپەیمانییە نزیکەی 100 ئەندام دەبن و لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە زۆرینەیەک پێکبهێنن بۆ ئەوەی بتوانن حکومەتی داهاتووی عێراق دروستبکەن و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتی بگرنە دەست.