سەری ئەبو جەعفەری مەنسوور رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لایەن لە بەغدا داوا دەکەن پەیکەری ئەبو جەعفەری مەنسوور لە گەڕەکی مەنسوور لە ناوچەی کەرخی بەغدا لاببرێت، ئەوەش مشتومڕێکی گەورەی لەنێو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی شارەکەدا بەدوای خۆیدا هێناوە؛ هەندێکیان پاڵپشتیی لابردنی دەکەن و هەندێکی دیکەش بەتووندی دژی ئەو بیرۆکەیەن. 
 
ئەبو جەعفەری مەنسوور بونیاتنەری شاری بەغدا بووە. پەیکەرەکەی لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو دروستکرا و یەکێکە لە سیما دیارەکانی شارەکە. 
 
خالد رەحال، پەیکەرسازێکی عێراقی کە بە یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی هونەری مۆدێرنی عێراقی دادەنرێت، پەیکەرەکەی تاشیوە. 
 
ئەبو جەعفەری مەنسوور کێیە؟
 
ئەبو جەعفەر عەبدوڵڵا مەنسوور کوڕی محەممەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیبی کوڕی هاشمی قورەیشییە. لە ساڵی 714ی زایینی لەدایکبووە و ساڵی 775 کۆچی دواییکردووە.
 
خەلیفەی بیستەمی ئیسلامی و دووەمی خەلافەتی عەباسی بووە. هەروەها دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسی و شاری بەغدا بووە. 
 
دوای ئەوەی کە خەلیفە ئەبو عەباس عەبدوڵڵا سەفاحی برای کۆچی دواییکرد، کە لە خۆی بچووکتر بوو، مەنسوور لە ساڵی 136 هیجری خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیی گرتەدەست. 
 
هۆکاری ئەوەی کە برابچووکەکەی پێش ئەو بووە خەلیفە ئەوە بوو کە دایکی براکەی عەرەبێکی رەسەن بوو، بەڵام دایکی مەنسوور عەرەبێکی بەربەری بوو بە ناوی سەلامە. بۆیە ئیبراهیم ئیمامی براگەورەیان وەسیەتی کردبوو کە خەلافەت بە ئەبوو عەباس بدرێت. 
 
کێن ئەوانەی داوای لابردنی پەیکەرەکەی دەکەن؟
 
ئەوانەی کە داوای لابردنی پەیکەرەکەی دەکەن، پەنایان بردووەتەبەر چەند هۆکارێک. بە گوێرەی ئەو بابەتانەی کە چالاکڤانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، ئەوان بەستنەوەی مێژووی بەغدا بە مەنسوورەوە بە ناڕەوا دەبینن، ئەوەش لەبەرئەوەی کە گوایە مێژووی ئەو شارە لە یاساکانی حامورابیدا رەنگدانەوەی هەیە و ناوی بەغدا لە زمانی بابلی و ئاشووریشدا هەر هەبووە، بۆیە پێیانوایە نابێت مێژووی شارە دێرینەکە لەسەر ناوی مەنسوور تاپۆ بکەن. 
 
تایفەگەری لەم بابەتە چ رۆڵێک دەبینێت؟
 
بەشێکی دیکەی ئەوانەی لەگەڵ لابردنی پەیکەرەکەدان پێیانوایە کە ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی پەیکەرەکە دەکەن هاندەرێکی "تائیفی"یان هەیە کە پەیوەندی بە دووژمنداری و تۆڵەسەندنەوەیەکی مێژووییەوە هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عەباسی و ئەو کاتەی کە ئیمام جەعفەری سادق کوژرا کە یەکێک بوو لە دوازدە ئیمامە پیرۆزەکەی شيعەکان. 
 
لایەنگرانی لابردنی پەیکەرەکە هاشتاگێکیان بە ناوی #بکەوێت_پەیکەری_مەنسوور دروستکردووە و دژبەرەکانیشیان بە هاشتاگی #مەنسوور_بونیاتنەری_بەغدایە بەرگری لە مانەوەی پەیکەرەکەی دەکەن. 
 
وەزارەتی رۆشنبیری: هیچ داواکاریی فەرمیمان پێنەگەیشتووە
 
وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق دەڵێت، حکومەتی فیدراڵی هیچ داواکاریی فەرمیی بۆ لابردنی پەیکەرەکەی پێنەگەیشتووە. ئەحمەد عەلیاوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند کە "وەزارەت هیچ داواکارییەکی لە هیچ لایەنێکەوە پێنەگەییشتووە بۆ لابردنی پەیکەرەکە." 
 
لابردن و لانەبردن و هەڵبژاردن
 
لایەنەکانی دەرەوەی ئەم مشتومڕە پێیانوایە لە بری لابردنی پەیکەرەکە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆشگوزەرانی بۆ بەغدا بگەڕێننەوە و ناوچە وێرانبووەکان ئاوەدان بکەنەوە؛ هەروەها نیشانەی پرسیار دەخەنە سەر وروژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا و پێیانوایە پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە کە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێن. 
 
ئەم لایەنانە پێیانوایە کە بەشێک لە پارتە سیاسییەکان سوود لە وروژاندنی ئەم جۆرە بابەتانە دەبینن بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن، هەروەها دەشڵێن، ئەم ناکۆکییە لەسەر پەیکەرەکە دەچێتە خانەی تائیفەگەرییەوە کە بووەتە تاودەری تێکچوونی رەوشی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی عێراق.